د.نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد: جوانی ڕێژەییە و پەیوەندیی بە سایکۆلۆژیای مرۆڤەکانەوە هەیە

کوردستان 03/07/2021

چاودێر - ڕاپۆرت

ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە، بنکەی ڕووناکبیریی گەلاوێژ کۆڕێکی بۆ د.نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد، نووسەر و مامۆستای زانکۆ لەژێر ناونیشانی "خوێندنەوەیەکی سۆسیۆئیستاتیکی بۆ جوانی و ناشیرینی"، لە هۆڵی شەهید ئازاد هەورامی لە ناوەندی ڕۆشنگەریی چاودێر؛ ساز کرد.


لە سەرەتای کۆڕەکەدا، د.نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد ڕایگەیاند: ئیستاتیکا واتە زانستی جوانی، یان فەسلەفەی جوانی و هونەر، کە لقێکە لە لقەکانی فەلسەفە و لە هونەر دەکۆڵێتەوە. ئەم زانستە لە سەدەی هەژدەیەمی زایینیدا لە لایەن فەیلەسووفی ئەڵمانی ئەلیکساندەر باومگارتن داهێندراوە. باومگارتن ئەم وشەیەی لە کتێبی ئیستاتیکادا شی کردووەتەوە و لەناو زانستە مرۆڤایەتییەکاندا سەربەخۆیی بە زانستی جوانی بەخشی. هەروەها باومگارتن پێی وابوو جوانی بریتییە لە درککردن لە ڕێگەی هەستەوە، بۆیەش ئیستاتیکا لقێکی بابەتییە لە لێکۆڵینەوەی هەست و ویژدان.


هەروەها ئاماژەی بەوە دا، کە بەهۆی بۆچوون و دونیابینی و خوێندنەوەی تازە دەربارەی ئیستاتیکا، ناتواندرێت لە پێناسەیەکدا لەقاڵب بدرێت و بخرێتە چوارچێوەیەکەوە.
باسی لەوەش کرد، لە کۆندا ئیستاتیکا زیاتر پەیوەست بووە بە ئەدەب و هونەر و فەلسەفە، بەڵام بەپێی زانستی نوێ ئیستاتیکا دەبەستێتەوە بە هەموو بوارەکانی ترەوە، وەک سۆسیۆلۆژیا و کۆمەڵناسی.


ناوبراو باسی لەوە کرد لە ساڵی ١٩٧٩ـەوە، جگە لە د.کەمال میراودەلی کە کتێبێکی لەو بارەیەوە نووسیوە، هیچ کتێبێکی تر لەسەر پرسی ئیستاتیکا و بەستنەوەی بە کۆمەڵناسی و بابەتەکانی ترەوە نەنووسراوە و جەختی لەوە کردەوە لە زمانی کوردیدا سەرچاوە زۆر کەمن لەوبارەیەوە.


د.نەوزاد ڕوونی کردەوە، کە سێ بۆچوون دەربارەی جوانی بوونیان هەیە؛ ئەوانیش:
*بۆچوونی یەکەم دەڵێ جوانی شتێکی سروشتییە و خۆی لە بنەڕەتەوە هەیە.
*بۆچوونی دووەم دەڵێ جوانی دەستکردی مرۆڤ خۆیەتی، هەستی مرۆڤ بڕیار دەدات چی ناشیرینە و چی جوانە.
*بۆچوونی سێیەم دەڵێ هەردوو بۆچوونەکە ڕاستیی تێدایە، هەم جوانی خۆی هەیە، هەم هەستی مرۆڤیش دەتوانێت دروستی بکات.


لەو ڕوانگەیەشەوە ئەوەی ئاشکرا کرد کە ئەو سێ تیۆرییە مەبەستییانە بڵێن جوانی ڕێژەییە و پەیوەندیی بە سایکۆلۆژیای مرۆڤەکانەوە هەیە لە سات و کات و بارودۆخە جیاوازەکاندا.


د.نەوزاد ڕوونی کردەوە کە جوانی دەکرێت بگۆڕێت بۆ ناشیرینی و ناشیرینیش بگۆڕێت بۆ جوانی. هەروەها مەرجیش نییە هەموو جوانێک سەرنجڕاکێش بێت و بە پێچەوانەشەوە، بەڵام دەکرێت سەرنجڕاکێشی بگۆڕێت بۆ جوانی.


سەبارەت بە جۆرەکانی جوانیش، ئەو نووسەرە هێمای بۆ ئەوە کرد کە دوو جۆر جوانی هەیە:
*جوانیی سروشتی، کە شتێکی هەستپێکراوە لە لایەن مرۆڤەوە.
*جوانیی هونەری، کە پرسێکی فەلسەفییە.


د.نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد پێی وابوو جوانی پەیوەندیی بە دۆخی سایکۆلۆژی مرۆڤەوە هەیە و هەروەها ئەو دۆخە سایکۆلۆژییەش لە کولتوورێکەوە بۆ کولتوورێکی دیکە جیاوازی لەنێوان مانا و چۆنێتی بینینی جوانی دروست دەکات. وەک پێی وابوو لە کاتی ئاسوودەییدا مرۆڤ ڕەنگە دیمەنێکی لا جوان بێت، بەڵام لە بارودۆخێکی ناجێگیری سایکۆلۆژیادا لەوانەیە هەمان دیمەنی بەلاوە ناشیرین بێت.


لە بەشێکی تری باسەکەیدا، ئەو مامۆستایەی زانکۆ پەیوەندیی لەنێوان جوانی و بەختەوەریدا دروست کرد. پێی وابوو، بەختەوەریی مرۆڤەکان کاریگەریی تەواوی لەسەر هەستکردن بە جوانی و ناشیرینی لای مرۆڤەکان هەیە.


ناوبراو باسی لە هەرەمەکەی ئەبراهام ماسلۆ کرد کە ل پێنج خانەدا باس لە پێداویستییەکانی مرۆڤ دەکات تا ئاستی بەختەوەری. بەڵام لە هەمان کاتدا باسی لە نووسەرێکی دیکە کرد کە دیپارچۆپرا بوو و ئەو پێی وایە مرۆڤ دەتوانێت خۆی بەختەوەری بۆ خۆی دروست بکات.


دیپارچۆپرا ڕای وایە مرۆڤ لە ڕێگەی ڕاهێنانەوە دەتوانێت بەختەوەری دروست بکات و دەستی هەبێت لە زیندووکردنەوەی خانەکانیدا و لای ئەو زیندووکردنەوەی خانەکان و هێشتنەوەیان بە زیندووێتی پەیوەندیی بە پیری و گەنجییەوە نییە.


لای دیپارچۆپرا مرۆڤ سێ تەمەنی هەیە:
*تەمەنی زەمەنی.
*تەمەنی بایۆلۆجی.
*تەمەنی سایکۆلۆجی.


پێشی وایە تەمەنی سایکۆلۆجی کاریگەریی ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر درێژەدان بە هەردوو تەمەنەکەی پێشتری و مرۆڤیش خۆی دەتوانێت لە ڕووە سایکۆلۆژییەوەکەوە لە ڕێگەی ڕاهێنانەوە بەختەوەری دروست بکات.


لە کۆتایی کۆڕەکەدا گفتوگۆی چڕوپڕ لەسەر پرسەکە کرا.