گرفتی جێنشینی خامنەیی و ئایندەی کۆماری ئیسلامی
ئەکبەر گەنجی
وەرگێڕان: سۆران جەلیل
ساڵانێکە چاودێرانی ئێران دەنگۆی کۆچی دوایی عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵای ئێران بڵاو دەکەنەوە. کاتێک مەجلیسی خوبرەگانی کۆماری ئیسلامی دانیشتنێکی گرنگی ساڵی ٢٠٢٤ی لە مانگی سێپتەمبەرەوە بۆ مانگی نۆڤەمبەر دواخست، هەندێک وایان لێکدایەوە کە خامنەیی نەخۆشە. کاتێک خامنەیی لەو کۆبوونەوەیەدا باسی لەوە کرد کە چۆن جێنشینی خۆی هەڵدەبژێرێت، کەسانێک باسیان لەوە کرد کۆتایییەکەی نزیکە. هەر کاتێک خامنەیی بۆ ماوەیەکی زۆر دیار نەمێنێت، خەڵک وا دەزانن ڕێبەری مەزن مردووە.
لە ئێستەدا دەنگۆی مردنی خامنەیی زۆر زیادەڕەوی تێدا کراوە. ئەو تا ئێستەش کار دەکات و لێدوانەکانی سەبارەت بە جێنشینی تەنیا دووپاتکردنەوەی بڕگەکانی دەستووری ئێرانە، بەڵام لە ڕووی ژمارەوە، دەسەڵاتی خامنەیی نزیکە لە کۆتایی. ڕێبەر پیاوێکی تەمەن ٨٥ ساڵە و لە نەخۆشی شێرپەنجە ڕزگاری بووە. لە ساڵی ٢٠٢٢، کاتێک سەردانی مەزاری ئیمام ڕەزا دەکات کە شوێنی پیرۆزی شیعەکانە لە شاری مەشهەد لە ئێران، بەو کەسانەی لەگەڵیدا گەشتیان دەکرد وتی کە ڕەنگە ئەمە دوا گەشتی بێت. لە داهاتوویەکی زۆر دوور نا، مەجلیسی خوبرەگان دەبێت ڕێبەری نوێ بناسێنێت.
خامنەیی تا ئێستە بە ئاشکرا ناوی میراتگری پەسەندکراوی نەخستووەتە ڕوو. بە تێپەڕبوونی کات زۆربەی ئەو بەربژێرانەی کە ڕۆژێک بە پاڵێوراو دادەنران، وازیان لە کێبەرکێکە هێناوە. بەڵام کەسێک دیارە: موجتەبا خامنەیی، کوڕی ڕێبەری باڵا. ئەو پیاوە ئایینییە تەمەن ٥٦ ساڵە لە ئێستەوە دەسەڵاتی سیاسی بەرچاوی هەیە و دەستکاری هەڵبژاردنەکان دەکات بۆ یارمەتیدانی کاندیدا دڵخوازەکانی. دۆستانی خامنەیی، ئاماژە بە موجتەبا دەکەن وەک ئەو سەرکردەیەی وڵات پێویستی پێیەتی. بۆ نموونە ستایشی موجتەبایان کردووە وەک فەقێ و بیرمەندێکی دیاری ئیسلامی. هاوکات ئاماژەشیان بەوە داوە نوێکەرەوەیەکە کە دەتوانێت گەندەڵی بنبڕ بکات، چاکسازی لە ئابووری چەقبەستووی وڵاتدا بکات و جەماوەری توڕە ئارام بکاتەوە.
موجتەبا وەک هەر ڕێبەری مەزنی نوێ، دوای هاتنە سەر دەسەڵات سیاسەتەکانی تاران دەگۆڕێت. بۆ نموونە ڕەنگە هەندێک سنووردارکردنی ئینتەرنێت هەڵبگرێت بەو هیوایەی دەرچەیەک بە ئێرانییە توڕەکان بدات. بەڵام ئەو بیرۆکەیەی کە لە واقیعدا چاکسازی لە ئێراندا دەکات، خەیاڵییە. کێشەی سەرەکی وڵات تەنیا سەرکردایەتی سیاسیی خراپ نییە، بەڵکوو سیستەمێکی سیاسیی خراپە. ئێرانییەکان دیموکراسییەکی تەواویان دەوێت نەک ئۆتۆکراسی. ئەوان دەیانەوێت کۆتایی بە جیاکاری و حوکمڕانی ئایینی بێت، بەڵام موجتەبا بەقەد باوکی پابەندە بە کۆماری ئیسلامییەوە. بەم پێیە سەرهەڵدانی موجتەبا، یان سەرهەڵدانی هەر پیاوێکی ئایینی دیکە، دەبێتە هۆی ئەوەی خەڵکی وڵاتەکە زیاتر فشار بخەنە سەر تاران. ئەنجامەکەی دەتوانێت ناڕەزایەتی جەماوەری بێت، یان تەنانەت ڕاپەڕینێکی ڕاستەوخۆش بێت دژی حکوومەت.
ویلایەتە یەکگرتووەکان و هاوپەیمانەکانی خۆیان ناتوانن ڕاپەڕینێکی لەم شێوەیە بەرپا بکەن، بەڵام دەتوانن بە لابردنی گەمارۆکان یارمەتی ئەو ئێرانییانە بدەن کە ناڕەزایەتییان بەرانبەر سەرکردەی داهاتوو نیشان دەدەن. هەرچەندە ڕەنگە ئەو سنووردارکردنانەی ئێستە تاران لە دۆلار بێبەش بکەن، بەڵام کاریگەری سەرەکییان هەژارکردنی خەڵکی ئاسایییە - خەڵکانێک کە پێویستیان بە سەرچاوەی زیاترە بۆ ئەوەی بتوانن بە سەرکەوتوویی ڕووبەڕووی کۆماری ئیسلامی ببنەوە.
کوڕی خواپێداو
لە هەندێک ڕووەوە سەرهەڵدانی موجتەبا نائاسایییە. هەرچەندە هیچ شتێکی نائاسایی نییە کە خۆسەپێنەکان دەسەڵات بۆ منداڵەکانیان بگوازنەوە، بەڵام ئێران تیۆکراسییەکی شیعەیە و فەلسەفەی نەریتی شیعە بەتوندی ئیدانەی حوکمڕانی بۆماوەیی دەکات. لە ئیلاهیاتی شیعەدا، دەسەڵاتی ئیمامەکان لە خواوە سەرچاوە دەگرێت نەک لە میراتەوە. بەم پێیە پێویستە سەرکردە سیاسییە شیعەکان لەسەر بنەمای بڕوانامەی ئایینی هەڵبژێردرێن - نەک لەسەر بنەمای ئەوەی کە بەڕێکەوت دایک و باوکیان کێن. ڕوحوڵڵا خومەینی، یەکەمین ڕێبەری باڵای ئێران، کاتێک لە کۆتایی ساڵانی هەشتای سەدەی ڕابردوودا ڕێگری لە کوڕە خۆپەرستەکەی خۆی کرد کە شوێنی بگرێتەوە، بانگەوازی بۆ ئەم بنەمایە کرد.
خامنەیی جارێک هاوڕای بۆچوونی خومەینی بوو. لە وتارێکدا کە لە جەنیوەری ١٩٩٠، پێشکەشی کرد، سیستەمی پاشایەتی شەرمەزار کرد و گاڵتەی بە گواستنەوەی سەروەری لە پاشایەکەوە بۆ کوڕەکەی کرد، بەڵام ئەمڕۆ پێدەچێت خامنەیی تێڕوانینێکی دیکەی هەبێت. زانایانی ئایینی سەر بە ناوبراو بانگەشەی ئەوە دەکەن موجتەبا فەقێیەکی دیارە، فەقێیەک کە شارەزایییەکەی وای لێ دەکات ببێتە سەرکردەی باڵا. لە ڤیدیۆ کلیپەکاندا لە سۆشیال میدیادا بڵاو بوونەتەوە، پیاوە ئایینییە دیارەکان موجتەبا بە ئایەتوڵڵا ناو دەبەن، پلەیەک کە تا ئێستە بەدەستی نەهێناوە. ئەوان باسیان لەوە کردووە ئەگەر ببێتە ڕێبەر، ئەوە لەسەر بنەمای شارەزاییی ئایینییەکەی ڕەوا دەبێت، نەک لەبەر ئەوەی کوڕی خامنەیییە.
لەگەڵ ئەمەشدا، بەڵگەیەکی کەم هەیە موجتەبا خاوەنی ئەو پاشخانە ئایینییە بێت کە دەستووری ئێران ئاماژەی پێ دەکات. بەپێی ئەو بەڵگەنامەیە، دەبێ ڕێبەر خاوەنی "بڕوانامەی قانوونی بۆ دەربڕینی بۆچوونی دروست لەسەر بوارە جیاوازەکانی فیقهی ئیسلامی." بێت. موجتەبا خاوەنی ئەم بڕوانامەیە نییە. لە کاتێکدا خامنەیی باوک پێش هاتنە سەر دەسەڵات چەندان کتێبی لەسەر بابەتەکانی ئیلاهیات بڵاو کردبووەوە، بەڵام خامنەیی کوڕ هیچ کتێبێکی بڵاو نەکردووەتەوە. موجتەبا وانە لەسەر شەریعەتی ئیسلامی دەڵێتەوە، بەڵام بڕوانامەکەی ئاشکرا نەکراوە. هەرگیز هیچ وتارێکی گشتی نەداوە. ئێرانییەکان دەتوانن ڤیدیۆی قسەکردنی موجتەبا پەیدا بکەن، بەڵام هەموویان کەمتر لە پێنج خولەکن.
بۆ بەشێک لە لایەنگرانی موجتەبا ڕەنگە نەبوونی بڕوانامەی ئایینی و شارەزاییی وتاردان گرنگ نەبێت. لە ڕاستیدا بەشێک لە ناکۆکییەکانی نێوان موجتەبا و باوکی، سوودبەخشە. چەندان ڕۆژنامەی کۆنەپارێزی ئێرانی باسیان لەوە کردووە کە خامنەیی کوڕ حکوومەتی پیر و توندی ئێران زیندوو دەکاتەوە، بەشێکی بە بنبڕکردنی گەندەڵی. عەباس پالیزدار، سکرتێری پێشووی لێژنەی دادوەری پەرلەمانی ئێران، لە چاوپێکەوتنێکدا لە نۆڤەمبەری ٢٠٢٤، چەند بەرپرسێکی باڵای ئێرانی بە گەندەڵی تۆمەتبار کرد. پاشان ستایشی موجتەبای کرد وەک تاکە بەربژێری ڕاستگۆ، دژە گەندەڵی و ئازادیخواز کە شوێنی باوکی بگرێتەوە - لە درێژەدا دوعای کرد موجتەبا ببێتە ڕێبەری باڵا.
دەسەڵاتدارانی دیکەش لەوە زیاتر ڕۆیشتوون و بانگەشەی ئەوە دەکەن موجتەبا پێشکەوتنخوازە. بۆ نموونە عەبدولڕەزا داوەری، ڕاوێژکاری پێشووی مەحموود ئەحمەدی نەژاد، سەرۆک کۆماری پێشووی ئێران، بەراوردی کردووە بە محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعوودیە، هەرچەندە کەمێک لیبڕاڵە - ئابووری سعوودیەی بووژاندووەتە و زۆرێک لە سنووردارکردنە کۆمەڵایەتییەکانی هەڵگرتووە. جێگای سەرنجە، هێزە ئەمنییەکان و دەزگا ئیتلاعاتییەکانی ئێران هیچ ناڕەزایەتییەکیان بەرانبەر بەم بەراوردکارییە نەخستووەتە ڕوو، هەرچەندە کۆماری ئیسلامی بە شێوەیەکی ڕۆتینی شازادەی جێنشینی وەک دژە ئیسلامی و گەندەڵ ناوزەد کردووە.
وەلێ ئەم بانگەشانە هێندەی ئەو بانگەشەیەی کە دەڵێن موجتەبا شارەزای شەریعەتی ئیسلامییە، بێمانایە. موجتەبا بەدڵنیایییەوە ئەزموونی لە سیاسەتی ئێراندا هەیە، بەڵام دەستتێوەردانەکانی بەردەوام لە لایەنی توندڕۆکان بووە. کاتێک محەممەد خاتەمی ڕیفۆرمخواز لە ساڵی ١٩٩٧ بوو بە سەرۆک کۆمار، موجتەبا کەوتە ململانێ لەگەڵیدا. موجتەبا هاوکات لەگەڵ هاوپەیمانەکانی لە سوپای پاسدارانی ئێران، سەرکەوتووانە ڕێگری لە خاتەمی کرد کە کۆت و بەندە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان هەڵبگرێت. ڕۆژنامە ڕیفۆرمخوازەکانیان داخست و چالاکوان و ناڕازییەکانیان زیندانی کرد. تەنانەت خاتەمی بە ئاشکرا ناڕەزایەتی دەربڕی بەرانبەر بەو کارەیان و ڕایگەیاند "هەر نۆ ڕۆژ جارێک قەیرانێک بۆ حکوومەتەکەم دروست دەبێت."
هەندێک جار، موجتەبا لە باوکی توندتر بووە. لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری ساڵی ٢٠٠٥، خامنەیی و ئەوانەی دەوروبەری پشتیوانییان لە بەربژێری سادق لاریجانی کرد، بەڵام موجتەبا و لایەنگرانی بە سەرکەوتوویی هەڵبژاردنەکەیان بۆ ئەحمەدی نەژاد وەرچەرخاند. بۆ ئەم مەبەستەش ساختەکارییان لە دەنگدانەکەدا کرد. لە بەرانبەردا دوو لە کاندیدا سەرەکییەکان - ئەکبەر هاشمی ڕەفسەنجانی و مەهدی کەڕووبی - بە ئاشکرا پیلانەکانی موجتەبایان سەرزەنشت کرد. کەڕووبی نامەیەکی بۆ خامنەیی نووسی و "دەستتێوەردانی کوڕەکەت ئاغا سەید موجتەبا لە بەرژەوەندی یەکێک لە کاندیداکان" شەرمەزار دەکات، بەڵام خامنەیی هیچ جووڵەیەکی نەبوو. کاتێک دوو بەرپرسی باڵای دیکەی ئێران سکاڵایان لە خامنەیی کرد سەبارەت بە دەستتێوەردانی سیاسی کوڕەکەی، خامنەیی لە وەڵامدا وتی: "ئەو پیاوێکی شایستەیە نەک تەنیا 'کوڕی بەرپرسێک'."
شکستی سیستەم
ڕەنگە موجتەبا هێشتا هەوڵی خۆی بۆ بوون بە ڕێبەری باڵا لەدەست بدات. خامنەیی پێشتر نیشانی داوە کە ئامادەیە بەربژێرە پێشەنگەکان پەراوێز بخات. بۆ نموونە لە ساڵی ٢٠٠٥، لاریجانی پەراوێز خست و ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری پێشووی ئێران دوای شکستی خولی سەرۆکایەتییەکەی بوو بە جێ سەرنجی خامنەیی. (ڕەئیسی لە کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرێکی مانگی مەی ٢٠٢٤دا گیانی لەدەست دا،) بەڵام خامنەیی لە کۆتاییدا دەتوانێت پشتگیری لە بەرپرسانی باڵای دیکە بکات. عەلی ئەسغەر حیجازی، بەرپرسی ئاسایشی دیوانی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی، دیارترینیانە. ئەو کەسەیە کە پێدەچێت خامنەیی زۆرترین متمانەی پێی هەبێت و تاکە کەسە کە ئامادەی هەموو کۆبوونەوە تایبەتەکانی خامنەیی دەبێت.
وەلێ حیجازی لەگەڵ تێڕوانینی ئایدیۆلۆجی خامنەیی هاوڕایە. کەواتە، بۆ ئەو مەسەلەیە، ئەسپی ڕەش [کەسێک کە زۆر ناسراو نییە، لە کێبەرکێیەکدایە چەند ڕکابەری تێدایە و ئەگەری سەرکەوتنی زۆر نییە، بەڵام توانای ململانێی هەیە.] بەربژێر بکەن. ئەمەش بەو مانایەیە گرنگ نییە کێ شوێنی خامنەیی دەگرێتەوە - موجتەبا، حیجازی، یان کەسێکی دیکە - ئێران لە قۆناغێکی سەختی دیکەدایە. وڵاتەکە شوێنی دانیشتووانێکی خوێندەواری بەرزە و کۆمەڵگەیەکی زۆر ڕەخنەگرانەیە. زانیاری دەرەکی بە شێوەیەکی بەرفرەوان بەردەستە: بۆ نموونە لەم ڕۆژانەدا نزیکەی هەموو کتێبێکی گرنگ کە بڵاو دەکرێنەوە (بە کتێبەکانی ڕۆماننووسانی ئیسرائیلیشەوە) یەکسەر وەردەگێڕدرێنە سەر زمانی فارسی. خەڵکی ئەم وڵاتە خوازیاری ئازادی، دیموکراسی، مافی مرۆڤ و فرەیین. کەلێنی نێوان ئەم خواستانە و سەرکوتکردنی دەوڵەت بووەتە هۆی ناڕەزایەتی جەماوەری لە ساڵانی ١٩٩٩، ٢٠٠٩، ٢٠١٧، ٢٠١٩ و ٢٠٢٢. جێگەی سەرنجە ئەم تووڕەیییە نەک تەنیا خامنەیی بەڵکوو هەموو ڕێژیمی بە ئامانج گرتووە. بۆ نموونە لە کاتی خۆپێشاندانەکانی ساڵی ٢٠٠٩دا، ئێرانییەکان ناڕەزایەتییان دەربڕی لە دژی موجتەبا دوای ئەوەی یارمەتی ئەحمەدی نەژادی دا لە بەدەستهێنانەوەی دووبارە سەرۆک کۆماری. خەڵک دروشمیان دەوتەوە "موجتەبا بمری ڕێبەری نەبینی."
پێدەچێت فشارەکان لەسەر ڕێبەری داهاتوو زیاتر بێت. ئێرانییەکان باس لەوە دەکەن؛ زۆرێک لە زیندانیانی سیاسی مۆبایلی زیرەکیان دەست کەوتووە، کە بۆ بڵاوکردنەوەی بیرۆکە و بۆچوونەکانیان بەکاری دەهێنن. ئەگەر جێنشینی خامنەیی دەسەڵاتی ڕووحانی بپارێزێت، کۆمەڵگەی ئێران داوای گۆڕانکاری بەرچاو دەکات. ڕەنگە ڕێبەری داهاتوو لە ڕێگەی تێکەڵکردنی هێز و ئیمتیازاتی پەراوێزییەوە سەرکەوتوو بێت لە سەرکوتکردنی ئەو جۆرە نائارامییە، بەڵام ئەگەری ئەوەش هەیە کە ئێرانییەکان سوود لەو کرانەوە حەتمییە وەربگرن کە گۆڕانکاری لە سەرکردایەتیدا دروستی دەکات بۆ ناچارکردنی حسابێکی فرەوانتر. بەدڵنیایییەوە گۆڕانکارییە ئابوورییەکان بە تەنیا بەس نابن بۆ ڕازیکردنی دانیشتووان. لە ماوەی ٤٦ ساڵ لە دوای شۆڕشی ١٩٧٩، کۆمەڵگەی ئێرانی بەقووڵی ناڕازی بووە. داواکارییەکانی خەڵک تەنیا لە خۆشگوزەرانی مادیدا سنووردار نییە.
بەڵام ئێرانییەکان باشترین چانسی سەرکەوتنیان دەبێت ئەگەر ئابووری وڵاتەکە باشتر بێت و چینێکی ناوەندی بەهێز دروست بێت. ئەمە ئەو شوێنەیە کە وڵاتانی دەرەوە دەتوانن یارمەتیدەر بن. ڕەنگە ئەو سزا ئابوورییە توندانەی لە لایەن ڕۆژئاواوە سەپێنراون، داڕێژراون بۆ ئەوەی تاران بە لاوازی بمێنێتەوە. بەڵام بە بێبەشکردنی خەڵکانی ئاسایی لە دەستڕاگەیشتن بە سەرمایە، سزاکان دەسەڵاتی حکوومەتیان لە ناوەند چڕ کردووەتەوە و دەوڵەتی کەمتر شەفاف کردووە. بەم کارە کۆمەڵگەی مەدەنی ئێرانییان ئیفلیج کردووە. بۆیە پێویستە داڕێژەرانی سیاسەتی ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئەورووپا ئەم سنووردارکردنانە هەڵبگرن. بۆ گواستنەوە لە دەسەڵاتی ڕووحانییەوە بۆ دیموکراسییەکی پابەند بە مافەکانی مرۆڤ، کۆمەڵگەی ئێران دەبێت بەهێزتر و دەوڵەمەندتر بێت - بەجۆرێک خەڵکی ئاسایی ئەو دەسەڵاتە ئابوورییەیان هەبێت کە پێویستە بۆ سازدانی ناڕەزایەتی سیاسیی ناتوندوتیژ.
لە ئێستەدا ڕوون نییە کە ئایا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، هیچ کام لە سزا ئابوورییەکانی واشنتۆن هەڵدەگرێت یان نا. ترەمپ لە ماوەی یەکەم خولی سەرۆکایەتیدا لە هەوڵێکی شکستخواردوودا بۆ وەستاندنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی سزای "زۆرترین فشار"ی بەسەر ئێراندا سەپاند و دیسانەوە باسی لە هەوڵدان بۆ گۆشەگیرکردنی تاران کردووە. ڕەنگە ئەو زۆر گرنگی بە دیموکراسی ئێران و ئەو سیاسەتەی بە باشترین شێوە خزمەت بەو دیموکراسییە دەکات، نەدات. بەڵام ترەمپ هەروەها ڕایگەیاندووە ئامادەیە ڕێککەوتنێک بکات کە کۆماری ئیسلامی لە بەرانبەر ئیمتیازاتی ئابووریدا هێرش نەکاتە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هێرش نەکاتە سەر ئیسرائیل و چەکی ئەتۆمی بەرهەم نەهێنێت. تەنانەت ئیلۆن مەسک، ڕاوێژکارە باڵا ملیاردێرەکەی، لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئێران کۆ بووەتەوە بۆ تاوتوێکردنی ڕێککەوتنێکی لەم شێوەیە.
ئەگەر ئەم سێ مەرجە تەنیا شتێک بن کە ترەمپ بەدوایدا دەگەڕێت، ڕەنگە ڕێککەوتنێک بەدەست بهێنرێت. خامنەیی لە مێژوودا سیاسەتی دەرەوەی ئێرانی بەرەو چین، ڕووسیا و ڕکابەرەکانی دیکەی ئەمریکا ئاراستە کردووە، بەڵام سیاسەتەکەی پشتیوانییەکی بەهێزی جەماوەری نییە و پێدەچێت هەڵوێستەکەی نەرمتر بووبێت. بۆ نموونە ڕێگەی بە مەسعوود پزیشکیان، سەرۆکی ڕیفۆرمخوازی ئێران داوە داوای دانوستاندنی ڕاستەوخۆ لەگەڵ واشنتۆن بکات.
لە جیهانێکی ئایدیاڵدا هەردوولا قسە دەکەن و دەگەنە ڕێککەوتن. ڕێککەوتنی ئاشتی خزمەت بە بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان دەکات، ئەگەر ئێرانیش دەستبەرداری بەرنامە ئەتۆمییەکەی بێت، ئەمنییەتی زیاتر دەبێت. هەروەها خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی تاران دەکات کە توانای شەڕی لەگەڵ واشنتۆن نییە، بەڵام لە هەمووی زیاتر خزمەت بە بەرژەوەندی گەلی ئێران دەکات، کە خوازیاری دیموکراسی و کۆتاییهاتنی جیاکارین. بەدڵنیایییەوە زیاتر لە هەڵبژاردنی ڕێبەری باڵای داهاتوو یارمەتییان دەدات، هەر کەسێک بێت.
وەرگێڕان: سۆران جەلیل
---------------------------------------------------------
• ئەم بابەتە ئەکبەر گەنجی نووسیویەتی و بە ناونیشانی (Will Iran’s Next Supreme Leader Be Its Last)، ١٣ی فێبریوەری ٢٠٢٥، لە سایتی فۆڕن ئەفێرس بڵاو کراوەتەوە.
•• ئەکبەر گەنجی ڕۆژنامەنووسێکی ئێرانییە. ئەندامی پێشووی سوپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامی بووە، بووەتە کەسێکی ناڕازی سیاسی و لە ساڵانی ٢٠٠٠ تا ٢٠٠٦ لە زیندانی ئەڤینی تاران زیندانی کراوە.
ناونیشانی بابەتەکە بە زمانی ئینگلیزی:
Akbar Ganji, Will Iran’s Next Supreme Leader Be Its Last?, Foreign Affairs, 13 February 2025.
📷 Iranian Supreme Leader Ali Khamenei at a meeting in Tehran, February 2025 Office of the Iranian Supreme Leader / West Asia News Agency / Reuters