تابلۆکانی ناو بەلەمی نادیار

ڕەخنەی چاودێر 17/09/2021

 

د. حەمە مەنتک
با لەو پرسیارەوە دەست پێ بکەین، ڕۆڵی شیعر لە کۆمەڵدا چییە؟ بە واتایەکی دیکە شیعر چ کاریگەرییەکی لەناو کۆمەڵدا هەیە؟ نامەوێ سۆسیۆلۆجیای ئەدەب بکەمە ڕوانگە بۆ وەڵامی ئەم پرسیارانە، بەڵام ئایا شیعر دەتوانێت وەکوو فیزیا، کیمیا و ئەندازیاری کاریگەری هەبێت؟ بە بڕوای من شیعر ئەرکێکی قوڵتری لە هەر یەک لەم زانستانە هەیە، چونکە شیعر لە ئاستێکی گشتی و دەستەجەمعیدا ئیش ناکات، بەڵکو پێوەندی بە خودی هەر تاکێکەوە هەیە. واتە شیعر ئیش لەبارەی تاکەوە دەکات. تاکە ڕۆڵی شیعر بە بڕوای من گۆڕینی جیهانبینی تاکە. شیعر کار لەبارەی چۆنیەتی دروستکردن و ڕوانینی مرۆڤ بۆ جیهان و دەوروبەری دەکات. هاوکات پێوەندی خۆی لەگەڵ ئەوانی دیکە لە مرۆڤ و ئەوەی لەناو گەردووندا هەیە. “نزار قەببانی” لەبارەی گۆڕینی جیهان لە ڕێی شیعرەوە دەڵێت: بە شیعرەکانم دەمەوێ جیهان بگۆڕم. مەبەست لەمە گۆڕینێکی فیزیاوی و جوگرافیانە نییە، بەڵکوو گۆڕینی جیهانبینیە لە شیکردنەوەی واقیعدا، چونکە شیعر بەردەوام گریمانە و گومان دروست دەکات.
لە کن تیۆریزانێکی وەکوو “تۆدۆرۆف” گەوهەری شیعر بریتییە لە ئەدەبیەتی گوتاری دەقی شیعری. واتە چ شتێک بۆتە هۆی دروستبوونی ئەدەبیەتی شیعر. بۆ ئەمەیش دەبێ بە دوای ئەدەبیەتی زمان بگەڕێین. مێژووی شیعری کوردی بە گشتی قوربانی بابەت و ڕەمز بووە، هێندەی مەبەست بووە بابەتەکە بگەیەنن، ئەوەندە مەبەست دروستکردنی ئەدەبیەتی شیعر نەبووە. هەرچەندە لە ساڵانی هەشتای سەدەی ڕابردوو ئەدەبییەتی شیعر لە بە ڕەمزکردنی دەق کورت دەکرایەوە. دەبێ ئەوەیش بزانین شاعیرانی ئەو ساڵانە بە ئیشکردن لەناو زمان دەناسرانەوە، بەڵام جودا لە ئاڵۆزکردن و تەمومژاویکردنی دەق چی دیکە نەبوو. “سامی هادی” نەوەی ساڵانی هەشتایە، لەم ماوەیەدا ئەزموونێکی شیعری بە ناوی “بەلەمی نادیار” بڵاو دەکاتەوە. ئەو، هەرگیز نەچۆتە ناو گرووپ و نەوەوە، ئەمەیش وای کردووە لە دەرەوەی پۆلێنی گرووپ و خاسیەتی شیعری نەوەیەک لە نەوەکان بێت. ئەدەب بە گشتی و شیعر بە تایبەتی لە کن “سامی هادی” ئەزموونێکی کەسییە، ئەزموونێک نییە دژ بە نەوەی پێش خۆی. واتە شیعر بابەتێک نییە بۆ نەوەیەک، بەڵکوو داهێنانێکی کەسییە.
زمانی شیعر لە “بەلەمی نادیار” زمانێکی نوێیە، زمانێکە ڕوون و ڕەوان، ئاماژەیە بۆ ژیان، واتە شاعیر ژیان دەنووسێتەوە:
لە خانەی بەساڵاچووەکاندا
تەنیا کۆتر گۆرانی دەڵێت
وەرزەکانیش هێندە منداڵ دەبنەوە
ئیتر ژیان بێ خۆرئاوابوون
پڕ دەبێت لە باران
ڕەنگە لە کن کەسانێک ئەم شێوازەی زمان، زمانێکی سادە بێ و لە زمانی ئاخاوتنی خەڵکوە نێزیک بێت، ئەم سادەیی لە زمان، مەبەست لێی بە کاربردنی هەمان ئەو وشانە نییە، کە خەڵک ڕۆژانە بەکاریان دێنن، بەڵکوو گواستنەوەی ڕوحی زمانە لەو وشانەدا. بەمەیش ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر زەین و جیهانبینی خوێنەر دروست دەکات. بارکردنی شیعر بە دەستەواژەی قورس بە بیانووی فیکربوونی شیعر، بە ڕەمزکردنی شیعر، هەوڵێکە بۆ ئاڵۆزی زمان لە پێناو تێنەگەیشتن. ڕاستە شیعر نابێ لە فیکر خاڵی بێت، بەڵام فیکر چی دیکە تەنێ ورووژاندنی پرسیارە گەورەکان نییە، بەڵکوو قسەکردن و پیشاندانی شتە سادەکانی ژیانیش پرسیاری فیکرین. زمانی شیعری شیعرەکان پڕە لە تەقینەوەی بچووک، ئەمەیش دەرخەری پێوەندی نێوان وشەکانە، کە واتا فەرهەنگییەکان تێدەپەڕێنن و واتای دیکە وەردەگرن. بە واتایەکی دیکە، پێوەندی نێوان وشەکان وێنەی شیعری ورد دروست دەکەن. واتە شیعر دەبێتە تابلۆیەکی هونەری:
ڕەنگی خۆڵەمێشیت هەڵبژارد
منیش چایەکی خەڵووزی سەهۆڵەکە
هەموو ڕەنگەکان فڕین
وەرز نەما تا چاوەڕێی هاتنەوەی
 ڕێشۆڵەکان بکەم
ئەوەی لە زۆربەی شیعرەکانی ناو “بەلەمی نادیار”دا جێی سەرنجە وێنەی شیعرییە، بەڵام وێنەیەکی سەرشار بە هەست، زمانێکی زیندوو و بزۆز. زمانێکە لە ناوەوەی شاعیرەوە هاتووە. زمانێکە لەناو دەوروبەرە ئاساییەکە دەردەچێت و واتای دیکە بە دەستەوە دەدات.
ئەوەی لەم شیعرانەدا جێی سەرنجە بەرکەوتنی خوێنەرە بەر وێنە. هەر شیعرێک وەکوو تابلۆیەک دەردەکەوێت. پەنابردنە ئەم جۆرە تەکنیکە دەقی شیعری وەکوو جۆرێک لە ئەزموونی ئاگاییانە پیشان دەدات. زمانی شیعر لەم بارەدا تەنێ زمانێکی ئاسایی نییە، بەڵکوو زمانێکی وێنەییشە. لەم بارەدا گوتاری شیعری دەگۆڕێت، چونکە ڕەگەزەکانی نووسین بە چاو نەبێت نابیندرێن. واتە تێگەیشتن لە شیعر تەنێ بە بیستن نابێت، بینینش پێویست دەبێت، شیعر وەکوو تابلۆیەکی هونەری خۆی نیشان دەدات. ئەم تەکنیکە کاریگەری لەسەر ئێستێتیکا و چێژی خوێنەریش هەیە. ئەگەر لە شیعری شاعیرانێکی دیکە شیعر هونەرێکی گوێیی بووبێت، ئەم شیعرانە هەم گوێییە و هەم بینینین. مۆتیڤەکانی: ڕەنگی خۆڵەمێشی، ڕەنگی ڕەش، پاییز، ژن، ئاو، وەرز و دارستان فیگەرە بنەڕەتییەکانی  ئەم شیعرانەن. زۆربەی تابلۆ شیعرییەکان، هێڵ و ڕەنگەکانی لەمانەی سەرەوە پێکهاتوون:
ناوی ئەو شێوەکارەم بیر چووەتەوە
بەبێ فڵچە
ڕیشی بۆ هەتاو درووست کرد و
ژنەکانیشی لە فیگەرێکی ڕەشدا
کرد بە ماسی
ئەم شێوازە لە ئیشکردن شاعیر ناچار دەکات، ئەو تێڕوانینە باوەی بۆ دەقی شیعری هەیە، کە شیعر دەقێکی دەنگی بێت تێپەڕێنێت بۆ شیعر وەک پێکهاتەیەکی وێنەیی، بەمەیش خوێنەر بەشدارییەکی کارای دەبێت لە پێکهاتەی شیعرەکەدا، چونکە ئەوە خوێنەرە تابلۆ شیعرییەکە دەبینێت. لەم شیعرەی سەرەوەدا خوێنەر دەتوانێت بە کەرەسەی وێنەکێشان ئەم شیعرە بکاتە وێنە. لەم بارەدا پێوەندی نێوان خەیاڵ و واقیعی هەستپێکراو خۆی لە ماددەی خەیاڵدا دەبینێتەوە. بابەتی خەیاڵ و شیعر بەردەوام قسەی لەبارەوە کراوە و دەکرێت، چونکە ناکرێت باسی شیعر بەبێ خەیاڵ بکەین. بە بڕوای من خەیاڵی شاعیر زمانی شیعرە، ئەو زمانەی شیعرەکەی پێ خەلق دەکات، ئەمە خەیاڵێکی ماددی نییە و لە واقیعدا هەبێت. هاوکات ماددەیەک نییە زمانێکی گونجاو بۆ خۆی هەڵبژێرێت، بەڵکوو ئەوە زمانە ماددە و ئەو وشانە هەڵدەبژێرێت، کە بۆی گونجاون. خەیاڵ لەم شیعرانەی “سامی هادی”دا هەوڵێکە بۆ چارەسەری واقیع بە درککردنێکی جوانیناسانە. جیهان بۆ شاعیر بەردەوام لە دۆخی کرانەوەدایە:
باوکم
چاوەکانی هێندە لە دەریا دەچوون
جێی هەموومانی تێدا کردبووەوە
لە گۆڕیشدا بە شەرمەوە خەوت
ئێوارەیەک، تەنیا بە ڕیشۆڵەکانی سلێمانیی گوتبوو
ئیتر… ناگەڕێمەوە هەولێر، بۆیە هەرچی ڕەنگی
ڕەشی ئاسمان بوو، زۆر بە تەنیایی… خواردییەوە
مادام لە جیهانی شیعردا، جیهان بۆ شاعیر بەردەوام لە دۆخی کرانەوەدایە، شیعر دەبێتە هەوڵێک بۆ گوزارتشکردن لە پێوەندیی نێوان مرۆڤەکان، شیعر نیشاندانی جیهانبینییە. خەیاڵ لەم بارەدا بریتییە لە گوزارشتکردن لە خەمی مرۆڤەکان، لە حەقیقەت و کەشفکردنی ئەو حەقیقەتە. لەم شیعرەدا خەمی باوکێک گوزارشتی لێ دەکرێت، بە هۆی بارودۆخی سیاسییەوە ئاوارەی شارێکی دیکە لە هەمان هەرێم بووە، بە مردووییش ناتوانێ بگەڕێتەوە، مردوویەک لە جیاتی زیندووەکان شەرم دەکات. شیعر لە کن “سامی هادی” ئەزموونێکی هەستەکیانەیە، تێگەیشتنێکی هەستەکییە، ئەم تێگەیشتنە هەمان کات تێگەیشتنێکی جوانیناسانەیشە بۆ وێناکردنی واقیع. ئەوەی زۆر گرنگە جیاوازیکردنە لە نێوان وێنەی یادەوەری و وێنەی خەیاڵ. وێنەی ناو شیعرەکان خەیاڵیین، نەک یادەوەری، چونکە وێنەی یادەوەری وێنەگەلی هەستەکین و لەناو کات و شوێن دان. بەڵام وێنەی خەیاڵ لە دەرەوەی کات و شوێنە. دەمەوی بڵێم وێنەی خەیاڵ، وێنەیەکی پڕ ئیرادە و ئازادییە. وێنەی خەیاڵ، وێنەیەکە لە ماددەکەی جیاواز پێکهاتووە. دەبێ ئەوەیشمان لەبەرچاو بێت لە یەکدی دابڕاو نین، چونکە شاعیر وێنەکانی ناو یادەوەریی دەهێنێت و دەیکاتە وێنەی خەیاڵی. کەواتە وێنە یادەوەرییەکان لەم شیعرانەدا، وێنەی ڕابردوو نین، بەڵکوو ڕەتکردنەوەی ڕابردوون، واتە وێنەکان لەناو کات و شوێن دەردەهێنێت و لەناو ئێستای شیعردا دەبنە وێنەی خەیاڵی.
شیعر، گەمەیەکی ئۆینبازانەیە، لە دەرەوەی هەموو دەستوور و یاسایەکە. تۆ ڕەنگە بە شتێکی تێبگەی، بەڵام لە ناکاو تووشی سەرسوڕمانت دەکات بەوەی ئەوەی تۆ وێنات دەکرد، ئەوە نییە. واتە نەبوون لە بوون دەهێنێتە بوون:
لە خانەی بەساڵاچوواندا
تەنیا کۆتر گۆرانی دەڵێت
وەرزەکانیش هێندە منداڵ دەبنەوە
ئیتر ژیان بێ خۆرئاوابوون
پڕ دەبێت لە باران

شیعر، هەوڵێکە بۆ خەڵقکردنی نەبوون لە بوون، ئەم نەبوونەیش ژیانێکی دیکە، یان وێنایەکی نوێیە بۆ ژیان. ئەم خەلقکردنە ڕێک شکاندنی هەموو یاسا باو و ڕۆتینییەکانی ژیانە. لەناو ئەم ئەزموونە شیعرییەدا پێوەندی شاعیر و ژیان ڕوون دەبێتەوە، لەم ڕێیەوە خوێنەر ڕایەڵەکانی نێوان شیعر و ڕەهەندە سیاسی، کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان دەبینێت. واتە شیعر ناتخاتە دەرەوەی ژیان، بەڵکوو دەتخاتە قووڵاییە هەر قووڵەکەی ژیان. لەم شیعرانەی “سامی هادی”دا خوێنەر دیوە نادیارەکانی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی دەبینیت، بەڵام فەزایەکی تەماوی بەسەر کۆی شیعرەکاندا زاڵە، وەک پێشتر گوتم وەرز بەردەوام پاییزە، ئاو و خۆلەمێش و ژن جوڵێنەر و پێکهێنەری وێنەکانن. لە ڕووکاردا ڕستە و وێنەکان نالۆژیک دەردەکەون، ئەم نالۆژیکییە مەدلوولە شیعرییەکان ڕوون دەکەنەوە. کۆمەکی خوێنەر دەکەن بۆ ئەوەی دیوی دووەمی وشە و ڕستەکان ببینن.