عیراق لە ساڵی 2021دا زیاتر لە 69ملیار دۆلار قەرزی كردوە

ئابوری 27/09/2021


گۆڤاری گلۆبال فاینانس ئەمریكی لە راپۆرتێكدا بڵاویكردوەتەوە ، قەرزە دەرەكییەكانی عیراق لە ساڵی 2021 گەیشتوەتە 69.684 ملیار دۆلار. 
ئاشكراشی كردوە بەراورد بە ساڵی 2020 رێژەی قەرزەكانی عیراق لەم ساڵەدا كەمیكردوە چونكە عیراق لە ساڵی 2020 نزیكەی 81.153 ملیار دۆلار قەرزی كردوە 
ئاماژەی بۆ ئەوەشكردوە حكومەتی عیراق لە ساڵی 2019 بڕی 47.705ملیار دۆلار قەرزار بوەو لە ساڵی 2018 نزیكەی 50.018 ملیار دۆلار قەرزار بوە 
بەگوێرەی راپۆرتەكە لە ساڵی 2021 سودان لەنێو وڵاتە عەرەبیەكاندا زۆرترین قەرزی كردوەو بڕی قەرزەكانی سودان لەو ساڵەدا گەیشتوەتە 211.656 ملیار دۆلار ، پاشان ئەریتریا دێت كە بڕی 175.575ملیار دۆلار قەرزی كردوەو دواتر وڵاتی بەحرەین دێت كە بڕی 129.417 ملیار دۆلار قەرزی دەرەكی كردوە 
لەخشتەكەدا ئەوەش خراوەتە روو كە لەو ساڵەدا وڵاتی میسر بڕی 92.858 ملیار دۆلار قەرزار بوەو پاشان وڵاتی ئەردەن بە بڕی 91.172ملیار دۆلار قەرزار بوە 
لە بەرامبەردا وڵاتی لوبنان هیچ بڕە پارەیەكی قەرز كراوی  تۆمار نەكردوە لە ساڵی 2021 چونكە ئاماری قەرزەكانی تۆمار نەكردوە و لەكاتێكدا لە ساڵی 2020 نزیكەی 154.364 ملیار دۆلار قەرزی كردوە
لە سەر ئاستی جیهان وڵاتی ژاپۆن لە ساڵی 2021 زۆرترین بڕە پارەی قەرز كردوە كە دەگاتە 256.494 ملیار دۆلار و وڵاتی یۆنانیش لەهەمان ساڵدا بڕی 210.093 ملیار دۆلار قەرزی دەرەكی كردوە.
گۆڤارەكە ئاماژەی بۆ ئەوەشكردوە لەهەندێك بارودۆخدا داهاتی باج زۆر لەوە كەمتر دەردەچێت كە پێشبینی دەكرێت وحكومەت لە رێگەی قەرزی دەرەكییەوە كورتهێنانەكە پڕدەكاتەوە بەبێ ئەوەی بڕی خەرجییەكان كەمبكاتەوە ، لە هەندێك بارودۆخیشدا كورتهێنانەكە درێژ خایەندەبێت.