ڕێواز فایەق بۆ پارتی: هەر هێزێک یەکێتی نەخوێنێتەوە، یەکێتیش نایخوێنێتەوە

کوردستان 27/09/2021

چاودێر:

ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتی ڕەخنە لەوتەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەگرێت، و ڕایدەگەیەنێت، هەر هێزێک یەکێتی نەخوێنێتەوە، یەکێتیش نایخوێنێتەوە.

 

ڕێواز فایەق ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لەکۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، دوێنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەوتارێکیدا وتی:(تاکە حزبێک کە لەئاستی ناوخۆیی و عێراقی و هەرێمی و حسابی بۆ دەکرێت پارتی دیموکراتی کوردستان)ە، بەڵام ئەم قسەیە ڕاست نییە و خۆشی باوەڕی بەو قسەیە نییە.

 

ئەوەشی راگەیاند، ئەو قسەیەی ئەو لە فەرهەنگی سڕینەوەی لایەنەکانی دیکەوە سەرچاوەی گرتووە، کە پارتی دیموکراتی کوردستان جێبەجێی دەکات و بەبچوک بینینی حزبەکانی دیکەیە.

 

باسی لەئەوەشکرد، پێشبینیدەکرد سەرۆکی هەرێم خۆی لەو جۆرە وتارانە ببوێرێت، لەبەرئەوەی ئەو نوێنەرایەتی هەموو هەرێمی کوردستان دەکات، نەک تەنها نوێنەری پارتی دیموکراتی کوردستان، بەڵام کاتێک ئەو بەو جۆرە قسە دەکات، ئەرکێکی یەکێتییانەیە وەک سەرۆکی یەکێک لەدامەزراوەکان وەڵامی بداتەوە.

 

وتیشی: بەپێی عورفی سیاسی لەهەرێمی کوردستان دەبێت سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆکەرەوەی هەموو هێزە سیاسییەکان بێت و پارێزەری یەکڕیزی گەلی کوردستان و هێزە سیاسییەکان بێت، بەڵام سەرۆکی هەرێم ئەو بنەمایانەى تێکشکاند، کە لای خەڵک دروستببو، بەوەی هێزە سیاسییەکان بەیەکڕیزی بچنە بەغداد بۆ بەرگری لەمافی گەلی کورد.

 

ئەوەشی خستەڕوو، یەکێتی حزبێکی متمانەپێکراوە لەسەر ئاستی عێراق، لەنزیکترین نموونەشدا قوباد تاڵەبانی کە ئێستا سەرۆکی لیسیت هاوپەیمانی کوردستانە، پێشتر سەرۆکایەتی وەفدی دانوستانبوو لە بەغداد، هاوکات سێ وەزیری یەکێتی و گۆڕان یاوەریبوون، بۆیە ئەگەر ئەمانە متمانەپێکراو نەبوونایە، ئێستا بەغداد ئەو ٢٠٠ ملیار دینارەشی نەدەنارد.