(خۆکوشتن!) «بێگومان ، بۆ -ژەنەراڵی پایز- وەک هەمیشە!»

ڕەخنەی چاودێر 16/06/2022


جەمال غەمبار

لە مێژ بوو
لە دروستبوونی
 «چایخانەی شەعب» ەوە
بڕیارم دابوو ئینتیحار کەم !
ئەوەی تاخیری کردبووم
وەرگێرانی چیرۆکە نایابەکەی
(ئەلفۆنس دۆدێ) ی فەرەنسی بوو
بە ناونیشانی (دوا وانە)
بۆ زمانی کوردی !
دواجار بریارم دا خۆم بکوژم :
- یەکەمجار چاوەکانی خۆم دەرهێنان
بۆ ئەوەی بە ناوی تەجاوزەوە
شکاندنی عەرەبانەی
فرۆشیارە دەسگێرەکانی پێ نەبینم
لە خوار مزگەوتی گەورەوە !
- دووەم جار دڵی خۆمم دەرهێنا
بۆ ئەوەی جارێکی تر
عاشق نەبم !
وای ، عاشق بوون
نەخۆشییەکی چەن سەخت بوو
بۆ من !
- سێیەم جار
قاچەکانی خۆمم شکاندن
بۆ ئەوەی پیاسەی ئێوارانی
پر لە یەئسی جادەی سەهۆڵەکە
نەکەم !
- چوارەم جار گوێیەکانم کەڕ کردن
بۆ ئەوەی چیتر
گوێم لە هاشوهوشی سیاسەت
نەبێ لەم وڵاتە !
- دواهەمین جار
بە پەتێکی نازدار خۆم هەڵواسی
بۆ ئەوەی ئێستا نەبینم !
(منم ژەنەڕاڵی پایز !)
------------------------------------------------
سەرنج : لە سەرەتای ساڵانی هەشتاکانی سەدەی رابردوو ، حەمە عومەر عوسمان (ژەنەراڵی پایز)  چیرۆکی (دوا وانە) ی )ئەلفۆنس دۆدێ) ی چیرۆکنووسی فەرەنسی تەرجەمەی کوردی کرد و لە گۆڤاری (رۆژی کوردستان) ئەوێ دەمێیدا دا بڵاوی کردەوە .