ده‌رباره‌ی كتێبی (كۆمه‌ڵه، چه‌پ، چه‌پی نوێی دیموكراسی)ی مەلا بەختیار
عه‌زیز یاوه‌ر
هه‌رچه‌نده کتێبی (كۆمه‌ڵه، چه‌پ، چه‌پی نوێی
دیموكراسی)ی لە نوسینی بەڕێز مەلا بەختیار پرسیار و وه‌ڵامه‌كانی زیاتر ده‌رباره‌ی
مێژووی كۆمه‌ڵه و چه‌پی دیموكراسییه، به‌ڵام گرنگی بابه‌ت و ره‌هه‌نده هه‌ستیاره‌كانی
جگه له وتار و جیاوازی ئایدیا و بۆچون و بیركردنه‌وه‌ی نووسه‌ر به‌رانبه‌ر سیسته‌مێكی
سیاسی چه‌قبه‌ستو وا ده‌كات زیاتر له ناونیشانێك له‌خۆبگرێت، چونكه روونكردنه‌وه‌و
لابردنی په‌رده له‌سه‌ر شاراوه‌كان ته‌نها وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پرسیاره هه‌ستیاره‌كان
نین، به‌ڵكو محاوه‌ره‌یه‌كی مێژوویی قوڵه
له‌نێو ناخ و ده‌روونی خودی روداوه‌كان و ده‌ركه‌وته‌كانی به‌تایبه‌تی له كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك
ده‌زانێ مافه‌كانی خوراوه به‌ڵام نازانێ
به چ ئایدیۆلۆژیا و سیسته‌مێكی سیاسی گونجاو داوایان بكات، ته‌نانه‌ت هه‌ندێ
جاریش ئه‌گه‌ر ته‌رحێكی گونجاویش بێته پێشه‌وه له‌وانه‌یه دوژمنایه‌تیشی بكات
به‌تایبه‌ت له‌م ژینگه سیاسییه كه به‌ئاسانی دوژمن و نه‌یار په‌یدا ده‌بێت.
كێشه‌كه‌م وه‌كو خوێنه‌رێك له‌وه‌دایه له‌نێو رووداوه‌كاندا
نه‌بومه هه‌رچه‌نده باسكراون، به‌ڵام باسكردنێك به ناسنامه و بیری جیاوازه‌وه
ته‌نانه‌ت هه‌ندێ جاریش به‌مه‌به‌ست باسكراون، ئه‌مه‌ش واده‌كات پێشبینی ئه‌وه
بكه‌ین نووسه‌ر ده‌رباره‌ی ره‌خنه‌كانمان بڵێت نه‌خێر وا نییه ئه‌گه‌ر مشتومڕیشی
له‌سه‌ر بوه. هه‌رچه‌نده كاك به‌ختیار داوای ره‌خنه‌ی كردوه، جیاوازیه‌كه‌یشی
وه‌كو نووسه‌ر له‌وه‌دایه خه‌باتێكی دوورودرێژ و سه‌ختی بڕیوه‌و هه‌مئاهه‌نگ له‌گه‌ڵ
بۆچون و فكر و بیركردنه‌وه‌ی نوێ بوه ئه‌گه‌ر هه‌ندێكیشیان له‌گه‌ڵ عه‌قڵییه‌تی
چینه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی نه‌گونجابێت ئه‌وه شتێكی چاوه‌ڕوانكراوه له‌نێو
سیاسه‌تی ئه‌مڕۆ كه هه‌موو لاپه‌ڕه‌كانی تێكه‌ڵ به‌یه‌كتر بون.
• هه‌رچه‌نده قه‌ناعه‌تم به وته‌یه‌كه
ده‌ڵێت: (گرنگ نییه كێ گوتی، گرنگ ئه‌وه‌یه چی گوت) به‌ڵام لێره به‌پێچه‌وانه‌وه
گرنگی وته‌كان له‌وه‌دایه كه‌سایه‌تییه‌كی كاریگه‌ر و خاوه‌ن ئه‌زمونێكی
دوورودرێژ ده‌یانخاته‌ڕوو.. ئه‌گه‌ر ڕووداویشی دروست نه‌كردبێت، له‌نێو ورده‌كارییه‌كانی
ژیاوه‌و كاریگه‌ریش بوه.
• ئاسان نییه به‌ڵكو سه‌ختیشه
(901) پرسیار وه‌ڵام بده‌یته‌وه، ده‌رباره‌ی گرنگترین و هه‌ستیارترین روداوه
مێژووییه‌كانی بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی گه‌لێكی چه‌وساوه، ئه‌گه‌ر له هه‌ر وه‌ڵامێكیش
روونكردنه‌وه‌یه‌ك دوباره بۆته‌وه ئیشاره‌ت به‌و دووباره‌بوونه‌وه دراوه..
بۆیه كاك به‌ختیار له وه‌ڵامه‌كانی به‌حه‌زه‌ر بووه‌و مێژووشی به‌رچاوگرتوه‌و هه‌وڵیشی
داوه تۆزقاڵێك دوورنه‌كه‌وێته‌وه له حه‌قیقه‌ته‌كانی.. ئه‌گه‌ر بپرسن چۆن ده‌زانی
وایه؟؟ ده‌ڵێم مه‌لا به‌ختیار له‌زۆربه‌ی وه‌ڵامه‌كانیدا په‌نای بردۆته بەر شایه‌تی
كه‌سانێك له‌ژیاندان و له‌نێو روداوەکاندا بون و رۆڵیشیان بینیوه. ئه‌وه‌ش واده‌كات
وته‌كه‌ی نووسه‌ر و بیرمه‌ندی ئه‌مه‌ریكی مارك توین بێنینه‌وه كه ده‌ڵێت: ئه‌گه‌ر
مردوه‌كان قسه‌یان بكردایه هه‌رگیز مێژوو وه‌كو ئه‌وه نه‌ده‌بوو كه ئه‌مڕۆ ده‌یخوێنینه‌وه.
• بۆ به‌ده‌ستهێنانی مافه سیاسییه‌كان كاك به‌ختیار زیاتر گرنگی به
راپه‌ڕین ده‌دات، تاكو راده‌یه‌ك هه‌ندێ جاریش ده‌یكاته جێگره‌وه‌ی خه‌باتی چه‌كداری
(به‌شێوه‌یه‌كی ناڕاسته‌وخۆ له كتێبه‌كه بۆم ده‌ركه‌وتووه) جگه‌له‌وه‌ش كه‌متر
ئیشاره‌ت به مه‌رجه‌كانی ده‌دات، به‌تایبه‌تی مه‌رجه مه‌وزوعییه‌كانی، ئێمه‌ش وه‌كو
كورد ئه‌گه‌ر تێگه‌یشتنێكمان هه‌بێت ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌زمونی راپه‌ڕینه‌كانی
ساڵانی رابردومان.. هه‌ڵبه‌ته ئه‌گه‌ر كاك به‌ختیار سه‌رپه‌رشتیشی نه‌كردبێت له‌نزیكه‌وه
بینیویه‌تی و دیراسه‌شی كردوه.
راپه‌ڕینی سه‌ره‌تای نه‌وه‌ده‌كان چ له كوردستان و له
باشوری عێراق شكستی هێنا كاتێك ئه‌مریكییه‌كان بڕیاری مانه‌وه‌ی سه‌دامیان دا (له
لێواری كه‌وت بوو) به‌هه‌مان شێوه كوردیش كه كوردستانی ئازاد كرد ده‌سه‌ڵات گه‌ڕایه‌وه
تاكو هێڵی دژه‌فڕین دروستكرا و باری كوردستانیشیان كرده ئه‌مری واقع، گۆڕینی
سیستمی سه‌ده‌ها ساڵه‌ی ئێران له‌ده‌ره‌وه به پلانێكی جیاوازتر سه‌ركه‌وت. خۆ
ئێستا ئێرانییه‌كان سه‌د ئه‌وه‌نده‌ی سەردەمی شا ناڕازین، ئه‌ی بۆ راپه‌ڕین ناكه‌ن؟
گورباشۆف نه‌بوایه هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی یه‌كێتی سۆڤییه‌ت رووینه‌ده‌دا و راپه‌ڕینیش
نه‌ده‌كرا؟.. راپه‌ڕینی ده‌وڵه‌ته عه‌ره‌بییه‌كان هه‌ر ده‌وڵه‌تێك و به‌شێوازێك،
بن عه‌لی له‌كوێیه؟ به‌شار به‌ته‌نیشت ماڵه‌كه‌یه‌وه مه‌دفه‌ع كارییه و ناڕوخێت،
دانراوه له دوا رۆژه‌كانیشیدا له‌گه‌ڵ كورد دابنیشێت.. چه‌ند مانگێك دوای قه‌زافی
حكومه‌تی لیبی ره‌خنه‌ی له فه‌ره‌نسا گرت، وتی: ئێوه قه‌زافیتان كوشت كه سێ جار
هه‌وڵیدا سنور ببه‌زێنێت فڕۆكه جه‌نگیه‌كانتان ناچاریان كرد بگه‌ڕێته‌وه‌و بكه‌وێته
ده‌ستی چه‌ند كه‌سێك، ته‌نها هاواریان ده‌كرد جگه‌له‌وه‌ش فیشه‌كه كوشنده‌كه له
فڕۆكه‌یه‌كی ئێوه‌وه ده‌رچووه.. لابردنی موباره‌ك شێوه‌یه‌كی تر بوو.. سه‌دام به‌جۆرێكی
تر.. محه‌مه‌د مورسی ئیسلامی سیاسی به‌ده‌نگدان ده‌سه‌ڵاتیان لێ وه‌رگرت. ئه‌ی ئێستا
له‌كوێن؟
ئه‌تاتورك به چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك وه‌زعێكی سه‌پێنراوی
500 ساڵه‌ی گۆڕی و بڕیاری دا هه‌ركه‌سێك پیتێكی عه‌ره‌بی بنوسێت سزایه‌كی زۆر قورس
ده‌درێت. مزگه‌وته‌گانی نه‌ڕوخاند، به‌ڵام ئه‌مری كرد به‌ته‌نیشتیانه‌وه
(تیاترۆ)خانه‌یه‌ك دروست بكرێت. ئه‌ی ئیسلامی 500 ساڵه ئه‌وه‌ی قبوڵ بوو؟ نه‌خێر،
به‌ڵام به پشتگیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا وه‌كو ئایدیۆلۆژیایه‌كی سیاسی نوێی سه‌رده‌م
سه‌پێنرا و كاریگه‌ریشی هه‌بوو له گۆڕینی په‌یمانی سیڤه‌ر به لۆزان. ئه‌ی مه‌لیك
فه‌یسه‌ڵ به چه‌ند ئه‌سپ و حوشتر و چه‌ند تاپڕ و شمشێره‌وه دێت ده‌وڵه‌ت دروست
ده‌كات؟ ده‌یبه‌ن بۆ سوریا وه‌كو مه‌لیك دایده‌نێن پاش چه‌ند مانگێك فه‌ره‌نسا و
به‌ریتانیا ئاڵوگۆڕ ده‌كه‌ن و (غورو)ی فه‌ره‌نسی به چه‌ند كاژێرێك حكومه‌ته‌كه
بنبڕ ده‌كات (فه‌یسه‌ڵ)یش راده‌كات بۆ ناپۆلی، دواتر ئینگلیز ده‌یهێنێته‌وه بۆ
عێراق و ده‌وڵه‌تی بۆ دروست ده‌كات.. باشه ئینگلیز و هاوپه‌یمانان 20 ده‌وڵه‌ت بۆ
عه‌ره‌ب دروستده‌كه‌ن یان راپه‌ڕین؟
رۆژنامه‌نوسێك هاوار ده‌باته لای كیسنجر و ده‌ڵێت: ئه‌وه‌تا
عێراق چووه نێو خاكی ئێرانه‌وه چی ده‌ڵێیت..؟ كیسنجر ده‌ڵێت: ئێستا هیچ.. بڕۆ نۆ
ساڵی تر بگه‌ڕێره‌وه. پاش حه‌ربه‌كه له‌بری 9 ساڵ 8 ساڵی خایاند. مه‌به‌ستم راپه‌ڕینی
گه‌لانی ناوچه‌كه به‌بێ ده‌ستی ده‌ره‌كی نه‌ده‌كرا، ئه‌گه‌ر داوا له میلله‌ت بكرێت راپه‌ڕین بكات
ده‌بێ بابه‌ته مه‌وزوعییه‌كان به‌ته‌واوه‌تی له‌بار بن و ده‌ستێكی ده‌ره‌كیش
بزوێنه‌ری بێت.. ئه‌گه‌ر نا (به‌بڕوای خۆم) شكست دێنێ. بارودۆخە ناوخۆییه‌كان یان
زاتییه‌كان تاڕاده‌یه‌كی زۆر له‌نێو گه‌لانی ناوچه‌كه هه‌ن و به‌رده‌وامن، به‌ڵام
به‌بێ هێزی راسته‌وخۆ، یان ناڕاسته‌وخۆی ده‌ره‌كی بزوێنه‌ر.. راپه‌ڕین ئه‌سته‌مه
سه‌ربكه‌وێت.
• دوای خوێندنه‌وه‌ی كتێبه‌كه ئه‌گه‌ر
بپرسن له‌پاش ئه‌م هه‌موو وه‌ڵامدانه‌وه و شیكردنه‌وه‌ی رووداو و كاریگه‌رییه‌كانی
و كه‌سایه‌تییه‌كانی كه به (زه‌ڕه‌بینیش) موجامه‌له‌ی تێدا نا‌بینیت چیتان لا گه‌لاڵه
بووه؟ ده‌ڵێم خاوه‌نه‌كه‌ی کەسێکی ده‌گمه‌نه.. کەسێکە ده‌ڵێت:
- له فكر و بیر و عه‌قڵ وا پیشانده‌دات
مه‌لا به‌ختیار ده‌رچوی قوتابخانه‌یه‌كه ده‌یان بیرمه‌ند وتار و وانه‌یان تێدا
وتۆته‌وه.
- رووی دووه‌می کەسەکە خوێندنه‌وه‌یه‌كی
تره: هه‌ندێ جار شتێك ده‌نوسێت به‌سه‌ریا وه‌كو خوێنه‌رێك ناچێته‌وه یان به‌عه‌قڵی
خوێنه‌ر نایخوێنێته‌وه. بێگومان من لێره مه‌به‌سته‌كه‌م لای كاك به‌ختیار روونه
به‌ڵام له‌وه‌شدایه به شتێكی زۆر ئاسایی سه‌یری بكات و گرنگیشی پێنه‌دات، له
نموونه دڵته‌زێنه‌كان لاپه‌ڕه (418) كاتێ ئازاد هه‌ورامی شه‌هید ده‌بێت كاك به‌ختیار
ده‌ڵێت زۆر گریام.. ئیتر پێویست به (به‌یانی تا ئێواره گریاوم) ناكات.. گریان بۆ
شه‌هید لووتكه‌ی وه‌فا و خۆشه‌ویستیه.. به‌ڵام (به رای خۆم) وتنی به قسه له‌نێوان
دوو كه‌س یان زیاتر جیاوازه له نوسینی لاپه‌ڕه‌كان. مه‌لا به‌ختیار كه ساڵانێكی
دوورودرێژ له‌نێو جه‌رگه‌ی روداوه دڵته‌زێنه‌كاندا بووه، جیاوازه به‌راورد به
كه‌سێكی ئاسایی جگه له‌و ته‌مه‌نه كه به پێشمه‌رگایه‌تی به‌سه‌ری بردووه‌و ده‌یان
داستانی جۆرا‌جۆری بینیوه. ئه‌مه بۆچونی خۆمه و ده‌زانم كه‌سانێك له‌گه‌ڵیدان و
كه‌سانێكیش به‌پێچه‌وانه‌وه، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش هه‌ر بۆچونێك ته‌نها چركه‌یه‌كیش
له‌سه‌ری بوه‌ستیت ئه‌گه‌ر سوودبه‌خش نه‌بێت زه‌ره‌ری نییه.
• ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت چه‌پی نوێی
دیموكراسی (چەمکێکی جوانی سه‌رده‌میانه) په‌ره‌بسێنێ و گه‌شه‌بكات، بێگومان ده‌بێ
ئاستی رۆشنگه‌ری بگاته ئه‌و قۆناغه كۆمه‌ڵگا قبوڵی بكات (كاك به‌ختیار)یش ئه‌و
حه‌قیقه‌ته زۆر به‌باشی خوێندۆته‌وه. جۆرج واشنتۆن وته‌یه‌كی داڕشت ئه‌مریكییه‌كان
له شه‌ڕی رزگاری ئه‌مریكا و له كێبڕكێی هه‌ڵبژاردن وه‌كو دروشم له شوێنه
گشتییه‌كان هه‌ڵیانده‌واسی (لا يمكن لأمة ان تكون جاهلة و حرة في آن واحد).
• به بڕوای خۆم له‌وانه‌یه كاك به‌ختیار
پاش چه‌ند ساڵێك بیركردنه‌وه‌كانی گۆڕانكاری به‌سه‌ردا بێت، وه‌كو چۆن پێش چه‌ند
ساڵێك به‌واقعی بینی له‌وه‌شدایه دووباره‌ببێـته‌وه‌و ته‌حه‌فوزی هه‌بێت له‌سه‌ر
هه‌ندێ بیركردنه‌وه‌ی جارانی.. سه‌رچاوه‌ی بۆچونه‌كه‌م ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی
كاك به‌ختیار به‌رده‌وام له بیركردنه‌وه‌دایه له‌و بوارانەی كه به‌رۆكیان به‌رنادات،
ئه‌مه‌ش نه‌ك ته‌نها ئاساییه، به‌ڵكو به‌هره‌یشه و به‌هه‌مان شێوه‌ی حوكمه‌كانی
سروشت و بیركردنه‌وه‌ی مرۆڤ له‌هه‌موو بواره‌كانی بینراو و نه‌بینراو. ئێستا
چاویلكه‌كه‌م وا پیشان ده‌دات راست به‌ره‌و لای چه‌پ ده‌ڕوانێ و چه‌پیش به‌ره‌و
لای ڕاست.. دواتریش له یه‌ك نزیك ده‌بنه‌وه‌و ئه‌نجامه‌كه‌شی ئایدیۆلۆژیایه‌كی
تاڕاده‌یه‌ك لیبرال تێكه‌ڵ به راست و به چه‌پ هه‌ردووكیشیان هه‌م دۆست، هه‌م نه‌یار،
له‌نێو بازنه‌یه‌كی جه‌ده‌لی تاكو ده‌رفه‌تێكی تری گونجاو.
• وه‌كو ده‌بینم پرسیاره‌كان ده‌رفه‌تی
ئه‌وه‌یان نه‌داوه كاك به‌ختیار شتێك ده‌رباره‌ی رۆڵی ته‌كنه‌لۆژیا له‌سه‌ر
ئاینده‌ی ئایدیۆلۆژیا و فكر بڵێت. ئایا پێشكه‌وتنی ته‌كنه‌لۆژیا له چه‌ند گۆشه‌یه‌كه‌وه
كاریگه‌ره له ئاڕاسته‌كردنی (چه‌پ وه‌ك نمونه) كاتێك ده‌ڵێت: كرێكار ژیان و
ئاینده‌ی مسۆگه‌ر كراوه.. باشه با به‌شێوه‌یه‌كی زۆر ساده بپرسین: بۆ ته‌واوكردنی
جۆگه‌یه‌كی دوو كیلۆمه‌تری به ئه‌بعادێكی دیاریكراو 500 كرێكار و مانگێكی ده‌وێت..
به‌ڵام به زانستی پێشكه‌وتوو ئامێرێك دروستده‌كرێت كاره‌كه 4 رۆژ بخایه‌نێت و 50
كرێكاری پێویست بێ 450 كه چیان لێده‌كرێت؟ ده‌یانخه‌ینه كارگه‌یه‌كی تره‌وه
توشی هه‌مان حاڵه‌ت ده‌بنه‌وه. ده‌زانم ئه‌م پرسیاره له كاك به‌ختیار نه‌كراوه
مه‌به‌ستیشم ته‌نها ئه‌وه‌یه ده‌بێت پێشبینی ئه‌وه بكه‌ین هه‌ندێ جار باڵانسەکان
له‌نێوان فكر و عه‌قڵی مرۆڤ و كاریگه‌ری ته‌كنه‌لۆژیا به‌ئاسانی كۆنترۆڵ ناكرێن.
• له‌و بڕوایه‌دام ئه‌گه‌ر كه‌سێك
تۆزقاڵێك په‌یوه‌ندی به بابه‌ته‌كانی كتێبه‌كه‌وه هه‌بێت و بڕیاری نه‌داوه وشه
به وشه بیخوێنێته‌وو ته‌نها لاپه‌ڕه‌ی (128)ی خوێندبێته‌وه ئه‌و لاپه‌ڕه‌یه ده‌بێته
هۆیه‌ك هه‌موو لاپه‌ڕه‌كانی بخوێنێته‌وه، چونكه ئه‌و خاڵانه مه‌لا به‌ختیار له‌سه‌ریان
وه‌ستاوه زۆر سه‌رنجڕاكێش و هه‌ستیارن و هه‌موو كه‌سێكیش (سه‌ركرده‌كان به‌تایبه‌ت)
ناتوانن توخنی بكه‌ون.
• جگه له مێژوو.. له بابه‌ت و
رووداو، فكر و بۆچونه‌كان.. زمانی نوسینی بابه‌تی كتێبه‌كه (سه‌ره‌ڕای جوانیەكه‌ی)
هه‌ندێ وشه‌ی كوردی ده‌گمه‌نی تێدایه له لێواری ونبونن، به‌ڵام مه‌لا به‌ختیار
به‌شێوه‌یه‌كی زۆر جوان و سه‌رنجڕاكێش (له‌وه‌ڵامه‌كاندا)
زیندوی كردونه‌ته‌وه‌و له مه‌وقعی گونجاوی خۆیان دایناون.
• ناكرێت كتێبه‌كه به‌جێبهێڵین بێئه‌وه‌ی
ئیشاره‌تێك به ماندووبونی به‌ڕێزان ئه‌نوه‌ر حسێن و ژیلوان هه‌ڵه‌دنی بده‌ین و
بڵێین: ئاماده‌كردنی 900 پرسیاری هه‌ستیار ئاسان نییه، به‌تایبه‌ت له‌م رۆژانه‌دا
كه زۆر ئاساییه له‌سه‌ر وشه‌یه‌ك توشی ره‌خنه‌یه‌كی توند ببیته‌وه، جگه له
پرسیاره‌كانیش پێشه‌كییه‌كی جوان ئاماده‌كراوه‌و بوه‌ته بیرۆكه‌یه‌كی پێشوه‌خته
ده‌رباره‌ی بابه‌تی كتێبه‌كه. به‌ڵام وه‌كو تێبینی كه نمونه‌كه‌ی ته‌نها له
بڕگه‌یه‌كی لاپه‌ڕه‌ی 7 و یه‌كه‌مین دێڕ دیاری ده‌كه‌م، كاتێك پاش وشه‌كانی
(مێژووییه‌كی په‌نجا ساڵه) ده‌وه‌ستیت! ئایا چ په‌نجا ساڵه‌یه‌ك؟ له‌كاتێكدا به‌دوای
كه‌سانێك ده‌گه‌ڕێن له‌ئاستی په‌نجا ساڵه‌كه بێت.. ده‌كرا په‌نجا ساڵه به چه‌ند
وشه‌یه‌ك كۆتایی بهاتایه وه‌ك: (پڕ له نه‌هامه‌تی، سه‌ختی شه‌ڕو دژایه‌تی هه‌مه‌جۆره‌و..هتد).
به‌گشتی ئه‌گه‌ر سه‌رسام نه‌بومایه
به (قه‌شه‌نگ)ی كاره‌كه‌تان هیچم نه‌ده‌گوت، جگه له‌وه‌ش ئه‌گه‌ر ئه‌ركه‌كه‌ت
قورسیش بووه به‌ڵام بۆ كاك به‌ختیار وه‌كو له وشه‌كانت ده‌یخوێنمه‌وه ئه‌ركێكی
ئاسایی و ئاسان بووه.. هیچ مه‌بەستێك نییه له‌وه زیاتر كاتێك ده‌نوسین ده‌بێ
وریای وشه‌كان بین و ته‌ركیز بكرێته سه‌ر مه‌عنا و مه‌غزا و مه‌وقع و كاریگه‌ری
له‌سه‌ر وشه‌كانی پێش و پاشی.. هه‌زار جار ده‌ستتان خۆش.