لەگەڵ کوژانەوەی مانگ گوێ لە شەوباشەکانی سامی بگرین

رۆشنبیری پێش 2 هەفتە

پێشڕەو حسێن
ژیان بەو ئاڵۆزیەیەوە لەم هەناسە شیعرییانەی مانگی کوژاوەدا ‌هێشتا شایستەی شەوباشێکی گوماناوییە، شیعری سامی لەبەر رێژنەی پیانۆکانی باخ و ڤیۆلۆنێکی خەمگینی ڤیڤاڵدیدا لە پەنجەرەکانی مەغریبەوە لە خەیاڵێکی زیندانیکراو رادەمێنێت. هەناوی ئەم شیعرە پڕە لەو بیرەوەریانەی لە دوای شەستەوە بەرگەی تەماشکردنی سێوێک ناگرن و حەسرەتی تەماشاکردنی نیشتیمان روناهی لەبەر دیدە دزیون. دایک، هاوسەر، مرۆڤەکان تەنانەت ئینجانە و گەڵاکان هەموو کەرەستەی ئەو خەیاڵەن کە لە شیعری ئەم کۆمەڵەیەدا لە هۆشمەندییەکەوە هەڵدەقوڵێن ئاخنراو بە موزیک بە رەنگ. هەڵبەتە نابێت بیرمان بچێت کە پرسە ئەقڵانیەکان لە ژێر سایەی هەستە قووڵەکانی ئەم کۆمەڵەیە ناشارێنەوە بەڵکو پرسی مرۆڤ، پرسی جەنگیش دەبێتە چەقی ئەقڵیەتی شاعیرانەی سامی هادی و دەڵێت؛ لە جەنگدا بیابان لاشەکان نابەخشێتە گۆڕستان.. دیارە زۆرجار شیعریەت لەناو هەندێک شاعیردا تەنیا لە چوارچێوەیەکی هەستەوەرانەدا گوزارشت لە خۆی دەکات بەڵام لەناو ئەم کۆمەلەیە کە تاڕادەیەکی زۆر جیاواز لە شیعرەکانی پێشووی بە زمانێکی ساکارتر و و دوور تەمتومانی هەستیارانە لەناو رووبەڕی ئەقڵدا دەپرسێت مرۆڤ لە ئاکامی شەڕانگێزی و لەناو داروپەردوی جەنگەکاندا چ سیمایەکی هەڵگرتووە؟ سیمای مرۆڤەکانی سەرزەمینی مانگەشەوی کوژاوە هەرچەند لە توندوتیژی گلاون کەچی هێشتا بە ئومێدەوە سەرقاڵی ئەوەن کە کۆترەکان فێری فڕین بکەن، مرۆڤی دونیاکەی سامی مرۆڤێکە ئاگا بە بێهودەیی ژیان کەچی هێشتا لیوانلێوە لە ژیان. راستە بەشێکی بنچینەیی ئەم شیعرانە گەڕانەوەیەکی قووڵ و هەستەوەرانەن بۆ رابردوو بەڵام بەتاڵ نین لەو بیرە فەلسەفییەی کە لەناو زوڵمەتا روناکی و لە لوتکەی تێگەیشتندا جامی ژەهراگینی حەقیقەت بەدەم بزەیەکی تاڵەوە هەڵدەقوڕێنێت. یەکێکیتر لەو کەرەستانەی لەم کۆمەڵەیدا بەکارهاتووە و کەمتر بینیومانە لە شیعرەکانی سامی هادیدا ئاوا روون خۆیان بنوێنن ئەو دژەبەریەی وشە و ماناکانیەتی، مەبەستم ئەوەیە لێرەدا چیتر دەریا، دەریا شینە قووڵەکە نییە و لە ئاکامی جەنگ پاسەوانی کاتە کە دەڵێت؛ بە دەریامان وت سەعات چەندە.. هەروەها مرۆڤە تەنهاکەی ئەم شیعرانە هاوسەرێکی هەیە خەونەکانی بە پەیژەی بەفرانبار هەڵواسیوە و بۆ خۆشی لەناو ڕووناکی کزی پیریدا وا گوێ لە پیانۆژەنێک دەگرێت. هەر لەم چوارچێوەیەدا کە چوارچیوەی بیرەوەریەکانن لەناو هەست و ئەقڵی شاعیرەوە دەڕژێن و دەڵێن؛ کە هەولێریان پێ جێهێشتین، هێشتا کۆترەکان بە ئاسمانەوە بوون، دایکم بارانی کۆ دەکردەوە، باوکیشم بیری لای دارچوالەکان بوو، ئێستا باوکم، لە ژێر دارئەرخەوانێک، (رۆژە تاریکەکان) ڕۆژەکانی تاریکی دەژمێرێ، بیر لە هیچ گۆڕستان و شەقامێک ناکاتەوە، ئیتر پێی وایە هەولێریش بوو بە ڕابردوو.
دواتر ماوە بڵێم، نیگارکێش و موزیکژەن و مرۆڤەکانی دونیای خەونبینین پاڵەوانەکانی ئەم شیعرانەن؛ باخ لە کڵێسا توڕەیە، رێنوار لەگەڵ جەستەی ناو تابلۆکانی دەخەوێت، پیانۆکان، تابلۆکان، دەبنە جێگەی سەرنج و مانا. دیارە جیهانی خەونەکان و دانیشتوانەکەی هەمیشە لەلایەن شاعیرانەوە بوونەتە جێگەی باس و شیکردنەوە و سامی هادیش لەو دەستە شاعیرانەیە کە ئاقڵانە لەناو ئەو جیهانەدا یاری دەکات، یارییەکی شاعیرانە. هەڵبەتە پێویستە ئەوەشم بیر نەچێت کە ئەو هێڵەی گومان کە وەک کۆنسێپت لە شیعرەکانی ئەم کۆمەڵەیەدا چەقی داکوتیوە گومانێکە لە رابردوو لە مێژوو لە دادپەروەری و دواجار گومانێکە لە مرۆڤ. هەڵبەتە پاشخانی ئەم گومانە بەندە بە جەنگ و دڕندایەتی مرۆڤایەتیەوە بە گشتی و دەرهاویشتەی ئەو دیدگا مرۆییەی ئەم شیعرانەیە کە دەخوازێت مرۆڤ بگەرێتەوە بۆ بنچینە بێگەردەکەی، مرۆڤێکی دامڵراو لە تونوتیژی و زەبروزەنگ و پڕاوپڕ لە رەنگ و موزیک و هەناسەی عاشقانە.

 

کۆمەڵە شیعری (کوژانەوەی مانگ)

سامی هادی

١
سەیرە                  
ژیان بەو ئاڵۆزییەی
هێشتا بە گومانەوە
شەوباش لە شتێ دەکات
پێی وایە
کوژانەوەی مانگە
٢
ئەگەر خەیاڵ هەمووی زیندانی بکرێ
بێگومانم                                 
نە ڕووبار                                 
نە باڵندە
نە پەنجەرە ماندووەکان                 
چیتر سەیری خۆرئاوابوون ناکەن   
٣
لە دوای شەستەوە
چ بەئازارە سەیری سێو بکەین
بە مانگەشەویش بڵێین
چاوی من کوژاوەتەوە
یان نیشتیمانی تۆ؟
٤
ئەگەر باران نەمێنێ
لە وەرزەکانا هەر تەرزە ببارێ
چووزانم
ئیتر دەبێ مرۆ بیر لە چی بکاتەوە؟
٥
ماڵەکەم پڕە لە ئینجانە و گەڵا
بەیانییان بەر لە هەتاو
ئەگەر کارەبا هەبێ
گوێ لە پیانۆکانی باخ و شۆپن دەگرم
پەنجەرە و دەرگا بچکۆلەکان دەکەمەوە
ژنەکەم سڵ لە سەرما دەکاتەوە
لەگەڵ یەکەم چاوهەڵگڵۆفین
بیری دەکەوێتەوە
ئەو حەبانە بخوا هەموو بەیانییەک
پێنج دەنک و ئێوارەش
ئەو حەبانەی بەڕاستی ڕقم لێیانە
چونکە مۆمە زۆر کزەکانی شێرپەنجەن
٦
لە جەنگدا کۆترەکانمان فێری فڕین کرد
بە دەریامان وت سەعات چەندە
پاپۆڕەکان سەیری سەمای ئەستێران دەکەن
لە جەنگدا بیابان لاشەکان نابەخشێتە گۆڕستان
لە جەنگدا کۆترەکان گەڕانەوە
تەنیا خۆمان بووین
بۆ پەنجەی پیانۆکان دەلاواینەوە
٧
هەڵەم کرد
بە پاییزم وت
ئەو ڕەنگەی تۆ
لە ئێستای ژنەکەم دەچێ
بەداخەوە ژنەکەم خەونەکانی بە پەیژەی
بەفرانبار هەڵواسیوە
٨
دایکە
خەریکە باران دەبارێ
ئاسمان دیسان ئەستێرەکان دەکوژێنێتەوە
بە کام دەرگا بچینەوە ناو تاریکی
بە کام پەنجەرە بانگی وەرزە خەوتووەکان بکەین
خەریکە باران دەبارێ
تەنیا خۆمم
هەر خۆمم
ئیتر ناهێڵم هێلانەی باڵندەکان چیتر تەڕ بن
٩
خەڵکانێک گۆرانییان بیر چووەتەوە
هیی تریش سەمای دوای خۆرئاوابوون
منیش لەناو ڕووناکی کزی پیریدا
گوێ لە پیانۆژەنێک دەگرم
بەو هەستەی ڤیڤاڵدی بێت
بەڵام دڵنیا نیم
١٠
جەنگ
بە ڕوخسارێکی دى
زەریاکان بە تەنیا
بۆ ماسییەکان جێدەهێڵێ

 ١١
کە هەولێریان پێ جێهێشتین
هێشتا کۆترەکان بە ئاسمانەوە بوون
دایکم بارانی کۆ دەکردەوە
باوکیشم بیری لای دارچواڵەکان بوو
ئێستا باوکم
 لە ژێر دارئەرخەوانێک
ڕۆژەکانی تاریکی دەژمێرێ
بیر لە هیچ گۆڕستان و شەقامێک ناکاتەوە
ئیتر پێی وایە هەولێریش بوو بە ڕابردوو
١٢
باخ
کاتێک لە کڵێسا تووڕە بوو
تەنیا داوای لێبووردنی
لە پیانۆ پیرەکە کرد
١٣
ڕێنوار
هێندە سەیری ژنە ڕووتەکانی کرد
دواجار
لە نێوان ئەم دوو شەپۆلەی مانگەشەو
بڕیاری دا
ئیتر لەگەڵ جەستەی ناو تابلۆکانی
بخەوێ
١٤
هەتا توانی
شوێن پێیەکانی هەموو ژنانی
ماچ دەکرد
ئەوە ئەفسانەی ئەو پیاو ڕۆژهەڵاتییە بوو
پێی وا بوو لێرەیە نەمریی گەلگامش
١٥
لە ناو کام تاریکی
لەسەر پەیژەکانی کام موزیک
بە دیار کام باران و تەرزەوە
لەسەر کام شەپۆلی خەواڵوو
لەناو کام گالیسکەی تەمتوومان
لە کام شەقامی برسی و سەرخۆش
لەسەر تۆنی هاواری کامە وەرز
ڕەنگەکانی مردن بدۆزینەوە
١٦
ئەی خودا...
جگە لە دایکم بیر لە کێی تر بکەمەوە؟
١٧
ئەو ساتانەی گۆڕستان بە تەواوی
بۆنی سەرمای گرتووە
تەنیا باڵندەکانن دەتوانن
یادگارییەکانی ماڵی مردووان بگێڕنەوە
١٨
ئای دادپەروەری
تەنیا لە نێو لاپەڕە زەردەکانی
هەندێ کتێبی خۆڵەمێشیدا
هەناسەی وشەکانت بۆنیان دێ

١٩
هەمیشە
مێژوویەک دەگێرینەوە
هێندە تەڕ بووە
گومان لە زمان و لە گریان و
تووڕەبوونەکانیشی دەکەین
٢٠
ئەگەر
یادداشتی ڕۆشنایی بنووسمەوە
بە دڵنیایییەوە
لە ژوورێکی تاریک
بە یەکەوە پیانۆ دەژەنین.
سلێمانی ٢٠٢٤