دەرک لە روانینی مەحوی و تەماشای نالیدا

کوردستان پێش 2 هەفتە

د. رێبین: نالی وابەستەی هیچ قوتابخانەیەکی شێخ و تەرقیەت نەبوەو یەکەم گەورەترین منەوەری کوردیشە
مەحوی عارفێکی شاعیر بوە، بەڵام نالی شاعیرێکی عارف مەشرەب بوە

ئەمڕۆ 4/5/2024  لەهۆڵی شەهید ئازاد هەورامی لە تۆڕی ناوەندی رۆشنگەری چاودێر، سیمینارێک دەربارەی (دەرک لە روانینی مەحوی و تەماشای نالی)دا بۆ د. رێبین ئەحمەد بەڕێوەچوو.
لە سەرەتای باسەکەیدا، ناوبراو ئاماژەی بەوەکرد، لە کێش و قاڵبی شیعریدا، بەشێک لە شیعرەکانی مەحوی و نالی لە یەک دەچن، بەڵام لەڕوی دنیابینیەوە جیاوازن، بە تایبەتی دونیابینیان بۆ عیشق و ئازادی رۆحی. تەنانەت لەڕووی بەکارهێنانی وشەکانیشەوە هەست بە دوو دنیابینی جیاواز دەکرێت لەنێوان ئەو دوو شاعیرەدا، بۆ نمونە لای مەحوی زیاتر وشەی تەماشاکردن بۆ وێناکردنی عیشق و شتەکان بەکارهاتوە بەڵام لای نالی وشەی نۆڕین بەکارهاتوە کە واتای ئەوەیە قوڵتر دەیەوێت ئەودیو شتەکان ببینێت. تەنانەت نالی لە پشت وشەی نواڕینەوە لە شیعرێکدا خوێندنەوەیەکی سایکۆلۆژی بۆ بەشێک لە سۆفیەکانی ئەو سەردەمە دەکات و ریاکاریەکەیان ئاشکرا دەکات.
خاڵێکی تری جیاوازی دونیابینی نێوان نالی و مەحوی مەسەلەی ئازادی بوو، د. رێبین لەوبارەیەوە باسی لەوەکرد، ئازادی لای عارفەکان زیاتر مەبەست ئازادی رۆحی یان ئازادیی ناوەکیە، منیش مەبەستم ئەم ئازادییە نەک ئازادی سیاسی،  نالی لە هەندێک لە شیعرەکانیدا دەردەکەوێت کە دوو مەرجی بۆ عیشق هەیە، ئەویش ئازادی و ئازایەتیە، ئەمەش بەرئەنجامی خودی دونیابینی نالی بوە کە تەواو وابەستە بوە بە خۆیەوە، واتا رێگاکە نالی رچەکەی شکاندوەو پێشتر بەو جۆرە باسی عیشق نەکراوە، بەڵام لای مەحوی وانیە، پێشتر رێچکەی شکێنراوە، کە ئەویش رێگایەکی ئیبن عەرەبی و مەولاناییە. جگە لەوەش عیشق لای نالی خۆییە، نالی شێخی نەبوە، تەریقەتی نەبوە، وابەستەی هیچ قوتابخانەیەکی تەریقەتی و شێخ نەبوە، لەکاتێکدا میزاجی ئێستای دینداری وەک چۆن سەلەفیە ئەوکاتیش تەریقەتی بوە، بەڵام مەحوی لەژێر هەژمونی شێخ و تەریقەت دەرنەچوە. هەروەها بۆ قسەکردن لەسەر عیشق، نالی هیچ رەکیزەیەکی مرۆیی لەخۆیدا نەکوشتوە بە  غەریزەکانیشەوە، بەڵام مەحوی دەیەوێت دیوە غەریزیە مرۆییەکەی خۆی بکوژێت، خەمی نالی لە عیشقدا شکۆمەندیە، بەڵام مەحوی پاسیڤە لەبەردەمیدا.
جگە لەو لایەنانە، د. رێبین باسی لە دونیای ژمارە و پارادۆکسەکانیش کرد کە لە دونیادا بونیان هەیە، لەم روەوە پێیوابوو دونیابینی هەردوو شاعیر نزیکن لە یەکتریەوە.
دوای تەواوبونی قسەکانی د. رێبین، بەشێک لە ئامادەبوانی سیمینارەکە سەرنجەکانی خۆیان خستەڕوو، هەندێکیان پێیانوابوو بەرواردکاریی لە نێوان ئەو دوو شاعیرە تەواو دروست و ورد نیە، چونکە لە بنەماوە بیروباوەڕ و دونیابینیان بۆ شتەکان جیاواز بوە، بۆ نمونە مەحوی وەک شاعیرێکی عیرفانی بە جۆرێک دەڕوانێتە عیشقەکەی کە جیاوازە لەو روانینەی نالی بۆ عیشق هەیەتی. هاوکات بەشێکی دیکەی بۆچونەکانیش پێیانوابوو سەرەڕای گەورەیی هەردوو شاعیرەکە، بەڵام نالی ئاستێکی باڵای شیعری و رۆشنبیری و زمانی هەبوە، هەمیشە چالێنجی کردوە. هەر لەم روانگەیەوە د. رێبین رونکردنەوە خۆی داو پێیوابوو، مەحوی عارفێکی شاعیرە، بەڵام نالی شاعیرێکی عارف مەشرەبە. وتیشی: نالی توانیویەتی بیرکردنەوەی کوردی خەلق بکات، هەربۆیە نالی یەکەم گەورەترین منەوەری کوردیشە.