هیوا کەریم: فێستیڤاڵی گەلاوێژ بووەتە کارگەی بەرهەمهێنانی بیری نوێ

ڕەخنەی چاودێر 27/04/2019

ڕەخنەی چاودێر

هیوا کەریم، نووسەر و لێکۆڵەر، توانی لە بیستودووهەمین فێستیڤاڵی گەلاوێژ خەڵاتی یەکەمی لێکۆڵینەوە وەربگرێت، ئەو بە لێکۆڵینەوەی "بوونیادی هونەریی ئۆتۆبایۆگرافی- (ئۆتۆبایۆگرافی و نووسین بە ئاوی خۆڵەمێش)ی شێرکۆ بێکەس بە نموونە" توانی ببێتە براوەی یەکەمی لێکۆڵینەوە.


بیستودووهەمین فێستیڤاڵی گەلاوێژ لە ڕۆژانی ١٨ تا ٢٠ی ئەم مانگە لە هۆڵی تەوار لەژێر درووشمی "ڕەخنەی ئازاد دەستەبەری کرانەوەیە" بەڕێوە چوو و تەوەری سەرەکیی ئەمساڵیش "بیرەوەری (ئۆتۆبایۆگرافیا) لە نێوان ئەدەب و مێژوودا" بوو و لە لایەن میوانان و نووسەرانەوە زیاتر لە دە بابەتی لە بارەوە پێشکەش کران.
وەک ساڵانی ڕابردووش، هەر سێ بواری شیعر، چیرۆک و لێکۆڵینەوە لە فێستیڤاڵدا کێبرکێیان لە نێواندا کرا، ڕەخنەی چاودێر یەکەمی هەر سێ بوارەکە دەدوێنێت.

ڕەخنەی چاودێر: بۆچوونت سه‌باره‌ت به‌ فێستیڤاڵی ئه‌مساڵ چییە؟
هیوا کەریم: گەلاوێژ بۆ خۆی وەک سیمبۆلی شار و ئەدەب و هونەر ساڵ دوای ساڵ بەرگی تازە دەپۆشێ. گەلاوێژ بووەتە کارگەی بەرهەمهێنانی قەڵەم و بیر و هزری نوێ، کە ئەویش بۆ خۆی کاریگەریی ئەرێنی هەیە ساڵ دوای ساڵ
دەتوانم بڵێم کە بیوستودووهەمین فێستیڤاڵی گەلاوێژ بە یەکێک لە سەرکەوتووترین فێستیڤاڵەکان ئەژمار دەکرێت. چونکە بە پێی میتۆدی زانستی لەسەر ژانرێکی ئەدەبی کار کراوە، ئەویش ژیاننامەیە، کە پێم وا نییە تا ئێستا لە بواری ئەدەبیدا بە شێوەیەکی وا بەرفراوان و زانستی و ئەدەبی کار لەسەر ئەم چەمکە کرا بێت.

ڕەخنەی چاودێر: چۆن بڕیاری بەشداریکردنت دا، پێشبینیت دەکرد یەکەم بیت لە لێکۆڵینەوەدا؟
هیوا کەریم: کاتێک تەوەری باسەکانم بینی کە تایبەت بوو بە ژیاننامە، زۆر سەرنجی ڕاکێشام، وەک پێشتر ئاماژەم پێ کرد تا ئێستا کاری لەو جۆرە نەکراوە، کە هزر و بیر و قەڵەمەکان ئاڕاستەی یەک ژانری ئەدەبی بکرێت. بۆیە بڕیارم دا بە ئامادەکردن و خۆسازدان بە توێژینەوەیەک لەسەر ئەم چەمکە، بە ناونیشانی "بوونیادی هونەریی ئۆتۆبایۆگرافی- ئۆتۆبایۆگرافی و نووسین بە ئاوی خۆڵەمێش"ـی شێرکۆ بێکەس بە نموونە. لە ڕێگەی ئیمەیڵەوە ناردم بۆ بنکەی ڕووناکبیریی گەلاوێژ و دواتر بە خۆشحاڵییەوە لە لایەن لیژنەی هەڵسەنگاندنەوە پەسەند کرا.
پێشبینیکردن کە فێستیڤاڵی گەلاوێژدا، ئاسان نییە، چونکە لێرەدا نوخبەی ئەدەب و هونەر بەشداری دەکەن و گشت پێوەرەکان لەسەر بنەمای زانستییە، کە ساڵانە باشترین بیرمەندی کورد و بێگانەی تێدا بەشداری دەکەن بە توێژینەوەی پڕ لە زانیاری و سەردەمیانە. ئەمە لە لایەک، لە لایەکی ترەوە لیژنەیەکی پسپۆڕ ئامادە کراوە بۆ هەڵسەنگاندنی توێژینەوەکان و بڕیاردان لەسەر باشترین توێژینەوە و دانانی بە پلەی یەکەم. تا ڕادەیەک پێشبیکردن قوورسە، لەگەڵ ئەوەشدا متمانەم بە خۆم و توێژینەوەکەم هەبوو کە بتوانم خەڵات بە دەست بهێنم بە تایبەت توێژینەوەکەی من هاوتەریب بوو لەگەڵ تەوەری سەرەکیی فێستیڤاڵدا.
ئاشکرایە بەدەستهێنانی خەڵات و پلەی یەکەمی بۆ لێکۆڵینەوەی ئەدەبی دەواتنم بڵێم ڕووداوێکی گەورە بوو لە ژیانی مندا، دڵنیام کە دەبێتە هاندەرێکی زۆر کاریگەر لەسەر ڕەوت و بیرکردنەوەی کاری ئەدەبیم بە هەوڵدان و کۆششکردنی بەردەوام.

ڕەخنەی چاودێر: پێشنیارت چییه‌ بۆ خوله‌كانی داهاتووی فێستیڤاڵ؟
هیوا کەریم: پێم باشە فێستیڤاڵ لە خولەکانی داهاتوودا زیاتر گرنگیی بە قەڵەمی تازە و بیری تازە بدات، وەک ئەمساڵ تەوەرەکان پوخت بکاتەوە لەسەر ژانرێکی ئەدەب، لێرەوە پێشنیار دەکەم ساڵی داهاتوو تەوەری فێستیڤاڵ لەسەر "گوتار" بێت و کاریگەریی لەسەر کۆمەڵ. بە هەمان ڕێچکەی ساڵان بکرێتەوە پێنج ڕۆژ و گرنگیی زیاتر بدەن بە بانگهێشتکردنی بیرمەندی عەرەب و فارس و بیرمەندە جیهانییەکان تا سروشتی بە نێودەوڵەتیبوونی زانستی و هونەرییانەتر بێت.