هەشت هۆکار بۆ خوێندنەوەی گابۆڕ

ڕەخنەی چاودێر 30/04/2019

شاڵاو حەبیبە


یەک: نووسەر توانیویەتی لەو تەکنیکەدا، کە بۆ گێڕانەوەی ڕۆمانەکەی هەڵبژاردووە- شێوازێکی خۆشفۆرم بەڵام ناباو، نەختێک سەخت و دەیشتوانم بڵێم بوێرانە، کە بۆ خوێنەر سەرنجێکی وردتری دەوێت و ناتوانییت سەرپێیی بیخوێنیتەوە؛ سەرکەوتوو بێت.

دوو: ڕۆمانەکە هەوڵی داوە بە لابردنی هەر جۆرە پێشەکی و پاشەکییەکی گێڕانەوە، زەمینەخۆشکردن بۆ گفتوگۆ یان خوڵقاندنێک، بەوەی هەر کارەکتەرە و ڕاوییەکی سەربەخۆ بێت و ئەم سەربەخۆیییە لە گێڕانەوەدا پێویستی بە هیچ ڕوونکردنەوە یان سادەکردنەوەیەک بۆ خوێنەر نەبێت؛ ڕووداوەکان زۆر خێرا- کە ڕەنگە لەمە خێراتر گێڕانەوە شایەن بە ڕووداو نەبێت- بباتە پێشەوە.

سێ: گابۆڕ ڕۆمانێک لە چەشنی ئەو ئەدەبیاتەی دەیەوێت بە تەکنیکێکی ئاڵۆز ناوەڕۆک لە بیر بباتەوە و تەمومژێک بۆ واتا دروست بکات، کە زۆر جار ئەدەبیاتەکە دوورەفام و دوورەچێژ دەبێت، هەندێک جاریش دەبێتە پارچەیەکی ئەدەبی نەک ڕۆمانێک؛ نییە، بەڵکوو تێیدا تەکنیکی گێڕانەوە و ناوەڕۆک هاوئاست و لەگەڵ یەکدا کۆکن، بۆیە هەم دەتوانێت ڕەخنەگر ڕازی بکات، هەم ڕۆمانی خوێنەران بێت.

چوار: لێرەدا تێکەڵبوونی کوردانی ڕۆژهەڵات بە کاری سیاسەت، نەک لە چیاکان، یان لە گەرمەی چالاکییەکی خوێناوی یاخود کوشتوبڕینەکاندا، بەڵکوو لە ڕێی دەستەیەک منداڵەوە، کە سەرەتا هەر شۆخییەکە و نەختەنەختە وەک ڕێکەوتێک یانژی سەپێنراوێک بەسەریاندا، کە گەلێ شارەزایانە لە ڕووداوگەلی زۆر بچووک و ناچیزەوە (وەها کە ناتوانی پێشبینی بکەیت و سەرسام دەبیت چۆن بەمە گەیشت) بەرەو ڕووداوە مەزنەکان دەڕوات، کە هەڵبەت پێش چوونە چیا کۆتایی دێت؛ دەبینین.

پێنج: سەرەڕای ڕەخنەم لە دایەلۆگەکانی ڕۆمانەکە، کە نزیکەی هەمیشە یەک زمان بۆ زۆربەی کارەکتەرەکان تەرخان کراوە و جیاوازییەک لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دی لە گوتن و هەڵبژاردنی وشەدا- بە دەگمەن نەبێت- دروست نەکراوە؛ هێشتا دەتوانم بڵێم گابۆڕ هونەری دایەلۆگەکانە، بۆیە هاوکات دەبوو هونەری هەڵبژاردنی دوان و پەیڤیش بوایە.

شەش: بە ئاسانی دەتوانییت لە گابۆڕدا کەریم و هەژیرت (چونکە خۆی دڵخۆش دەبێت وا بانگی بکرێت) خۆش بوێت، ئەمەیش هەر یەکێکە لە نیشانەکانی باشیی ڕۆمانێک، کاتێک گاڵتەمان بە کارەکتەرەکانی نایەت و هەندێک جار تەنانەت ئەگەر کەسی خراپیش بن، ڕێزیان دەگرین. کەواتە خاڵی حەوت و هەشت لێرەدا مادەم باسی ڕێز هاتە گۆڕێ دەنووسم؛ خوێنەری کورد نابێت لەوە زویر بێت کە ڕۆمانەکە بەو کوردییە نووسراوە کە لای ئێمە بە گشتی (ڕۆژهەڵاتی)ـی پێ دەڵێن، ئێمە دەبێت ڕێز لە هەڵبژاردنی نووسەر بگرین، خودی هەڵبژاردنەکەیش بۆ ڕۆمانێکی لەم چەشنە دروستە، کە هەڵبەت بۆ هەموو گێڕانەوەیەک دەست نادات. خاڵی هەشتەم هەر لە بەر ئەوەی کە د. هاشم ئەحمەدزادە بە دڵیەتی، دەتوانیت گابۆڕ بخوێنیتەوە.  

 

 

 

گابۆڕ. ڕۆمان. سەییدقادر هیدایەتی. چاپی چوارەم/ خانی.